Telegram Web
بەداخەوە هونەرمەند " محەممەد بارام عەبباس"
ماڵاوایی لە ژیان کرد


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
Agirêkî bê xollemêş
@baranstani1
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش

بابەت: گۆرانی
دەنگو: محەممەد بارام عەبباس
فایل: MP3

ــــــــــــــــــــــــــــــــ
@baranstani1
turre mebe
@baranstani1
تووڕە مەبە

بابەت: گۆرانی
دەنگو: محەممەد بارام عەبباس
فایل: MP3

ــــــــــــــــــــــــــــــــ
@baranstani1
وەک وەهمی دوای دۆڕان


هەنووکە خەریکم لە چۆڵەوانییەک دەڕوانم
ئەو چۆڵەوانییەی سەردەمانێک لەمەوبەر
دارستانێک بوو ڕاستەقینە و
کەسێکی ڕاستەقینە بەردەوام لەوێ
بیری لە ڕووداوە ڕاستەقینەکان دەکردەوە.

ئێمە لە چاوەڕوانییەکی لەخۆڕاوە
بە تراویلکەی ڕووداوەکان گەیشتین
بە ناڕووداوەکان گەیشتین و
لە ناڕووداوەکاندا وامان دەزانی
ڕووداوێک ڕووی داوە
ڕووداوێک ڕوو دەدا!
ئێمە خوومان بە ناڕووداوەکان گرت و
خۆمانمان لەبیر چووەوە
ڕووداوەکانمان لەبیر چووەوە
کاتەکانمان لەبیر چووەوە.


ئێمە خەریکین لەخۆڕا
لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی تر دەچین
وەک ئەو ڕۆژانەی لەکیسمان چوون
وەک ئەو ڕۆژانەی لەکیسمان دەچن
لە نەبوونی ڕاستەقینەی خۆماندا،
لە کاتێکدا ئێمە هێشتا
بە ڕواڵەتێکی نامۆوە دیسانیش بەردەوام،
لە ناڕووداوەکاندا لە ڕووداوەکان دەگەڕێین.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
Xemî Nan
@baranstani1
خەمی نان

بابەت: گۆرانی
شێعر: ڕێبوار
دەنگ: نەجمەدین غوڵامی
فایل: MP3

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ



@baranstani1
ئاگرێک لەو بەرزاییانەدا ئێستەش دەگڕێ


"من ڕەنجەکانم لەگەڵ خۆما دەکێڵم،
ئەوان لەگەڵ خۆمان بۆ گۆڕ نابەم."
ئەمە وتەی کەسێکە هەتا بووە
بە تەواو هێزەوە ژیاوە
هەتا بە تەواو هێزەوە بمرێ.

لێرە ئەوە ساڵانێکە من
لەنێو ئەو خەڵکانە دەژیم وا
لەخۆڕا وا دەزانن ئەگەر بێتوو
جنێو بەو ئاگرەی لە بەرزاییەکانی
چیاوی پیرۆزدا دەگڕێ بدەن،
دەتوانن ژیانێکی بەشکۆ
لە نەبووندا بینا بکەن!

"ڕاستەقینە" لێرە تەنانەت
لەو دیوی دەمامکەکانیشەوە
لە هەبوونێکی ترسەنۆکیشدا
خۆی مەڵاس نەداوە.
لەمێژە تەنانەت ئەو
لە درۆکانی ئەوانیشدا نەماوە.

ئێمە تەریککەوتووانی بەرزاییەکانی چیای پیرۆز
نهێنییەکمان لە خۆمانا حەشار داوە
کەوا درکان و نەدرکانی
هیچ شتێک ناگۆڕێ هەرچەن
ئەو،
نە لێ دەگەڕێ هەتا بمرین
نە لێ دەگڕێ هەتا بژین.

ــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
لە ناڕووداوەکانەوە ...



ئێمە لەنێوان سێ کاتی جیاوازدا
ڕاوێستاوین؛
هزرمان بە کاتی ڕابردوو
ماندوویەتیمان بە کاتی ئێستە
نەگەیشتمان بە کاتی داهاتوو.

ساڵگارێکە ئێمە لێرەین
لە ئێستەدا
ئێستەیەکی دەمەو ڕووداو
ڕووداوێک،
بە ئێستە نا ئێستەی داهاتوو ...

یەکێک لەنێوان ئێمەدا
دەڵێ:
ـ بۆ سووکنایی خۆشمان بێ
ئێمە دەبێ هەر شتێک بڵێین!


ئێمە ماندوو
لە قووڵایی لەخۆڕای وتەکانمان
چاو لەو مناڵانە دەبڕین وا
بە سواری پاسەکانەوە بۆ شار دەچن و
دەڵێی بە چاوەڕوانییە
هەمیشە بێڕووداوەکانی ئێمە،
پێ دەکەنن.

ئێمە ئێستە،
لە هەموو نەگەیشتنێک دەترسین
لە هەموو ناڕووداوێک دەترسین
لە هەموو بێهوودەییەک دەترسین و
یەکێک لەنێوان ئێمەدا
دەڵێ:
ـ ئاخۆ ئەوان دەگەن!
یان ئەوانیش لە بێهوودەیی ناڕووداوێکدا
لە نەگەیشتنەکانی ئێمەدا
دەکەون؟


ــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
ئەویندارانەیەکی ترساو



دەمەوێ تۆ بەبیر بهێنمەوە
تۆ بە ناوی گوڵێکی بێ بۆ و
شار
بە شەقامەکانییەوە
بە کافەکانییەوە
بە خواردنگەکانییەوە ...

لە کۆڕێکی خۆمانەدا کەسێ
خەریکە شێعرێکی "نالی" دەخوێنێتەوە
ئێمە سڵکەرتر لە جاران
بیر لە کاتەکان دەکەینەوە
ئەو کاتانەی وا لەواندا
لە نەبوونی "ئێستە"دا
لە ڕابردوویەکی دووردا
بەترسەوە
پیاڵەکانمان هەڵدەهاوین.

بەبێ دوێنێ، بەبێ ئێستە، بەبێ سبەی،
من دەمەوێ تۆ بەبیر خۆ بهێنمەوە:
ماڵێک نازانم لە کوێ و
سبێیەک نازانم کەی و
ئێوارەیەکی هێمنی هاوینە.

بە شارەوە
بە شەقامەکانییەوە
بە کافەکانییەوە
بە خواردنگەکانییەوە
بە ئێوارەی فێنک و پێگەیینەکانییەوە
بە مانگی چاردەیەوە،
هاوین چەنێ لە تۆ دەچێ!

هەموو سەرخۆش بۆ شار دەگەڕێینەوە
بەبێ ترس لە ئێستە
لەسەر پردێک
یەکێک لە ئێمە بە دەنگی بەرز
شێعرێکی"نالی" دەخوێنێتەوە.
کەسێکی ڕیشن
بە " ئێستە" و ئێمە لەبەرخۆوە جنێو دەدا!
ئێمە بە بەرینی شار
پێ دەکەنین.

من دەمەوێ ڕوخسارت بەبیر بهێنمەوە
من دەمەوێ پرچە درێژەکانت
چاوەکانت و
ژنایەتیی پێگەییوت بەبیر بهێنمەوە
بەڵام،
نازانم بۆچی هەرچی دەکەم
ناتوانم ناوت بەبیر بهێنمەوە!؟

ــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
سڵاو هاوڕێیان!
ئەمە شێعرێکی فۆلکلۆری مناڵانەیە، لە ناوچەی ئێمە بەم شێوازە دەکوتراوە. هەڵبەت درێژتر لەمە بوو هەر ئەوندەیم لەبیر ماوە، هەرکامتان هیی ناوچەی خۆتان، یان تەواوەکەیتان، یان هاوشێوەی ئەم شێعرەتان هەبێ و لێرە لە بەشی بۆچوونەکانا داینێن، سپاستان دەکەم.

کەچــەڵ کەچــەڵ مامــزی
بە هــــەزار دزی و فــــــزی
هێلـــکەوڕۆنـی ئـــــــەدزی
بـۆ منـــــــــــاڵانی پــاییزی
کەوتە چاڵی حەوت گەزی
ســـەری پڕ بـوو لە دەرزی



ــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
کیسەڵێک لە ڕەشەبادا


بە تووڕەییەکانمەوە
بە ویستەکانمەوە
بە خولیاکانمەوە
بە بڕواکانمەوە
بە ...
لە خۆما ڕۆچووم،
من خووم بە کیسەڵێک لە خۆما گرتووە.

هەرچەن ئێستەش جاری وایە
بیر لە خۆم دەکەمەوە
دەمەوێ
به کاتی "ئێستە" و "داهاتوو"
"با" بم
کەچی مخابن
ئیرە ڕابردوویەکی دوورە!

من وشەگەلێکی بزێوم دەناسی
ـ تژی لە تووڕەیی، لە ویستن، لە خولیا،
لە بڕوا، لە ... ـ
کەوا ئەوندە بە پارێزەوە بێژەیانم کردبوو
کە ئێستە ئیتر
لە هیچ کاتێکی مندا نەماون.

ئێرە ڕابردوویەکی ڕەهایە
بە گشت ئەو مردووانەیەوە وا
گشت کاتەکانی ئێمەیان لە دەستایە و
لە کشت کەشناسییەکانی دنیا
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا
"با" هەڵبکا!

من لە سووچێکا لە خۆما ڕۆدەچم و
بیر لە ڕەشەبایەک دەکەمەوە وا
ڕەنگە لە کاتێک لە کاتەکاندا
من بووبێ؛
بە تووڕەییەکانییەوە
بە ویستەکانییەوە
بە خولیاکانییەوە
بە بڕواکانییەوە
بە ...

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
دواپەیوەندی


بە خۆمانم کوت:
ـ بێتوو ئەم ئاژاوەیە تێ پەڕێنین
من دیسانیش لە بێدەنگییەکی واتاداردا
بیر لە نەکوتراوەکانی خۆم دەکەمەوە،
ئەو وتانەی لە هاتوهووتی ئاپۆڕاکاندا
بە کوتن ناگەن
.

من
بەر لەوەی بە ئێرە بگەم
لەگەڵ خۆما خەریک بووین
بۆ جێیەکی تر دەچووین،
بۆ جێیەک وا چی تر
ئێستە نازانم کوێ بوو.

گرینگ نییە!
هەرکەس دەبێ ڕۆژێ
بە شوێنێ هەر بگات.

ژاوەژاوی بێواتای وتە بێوڵاتەکان و
ئێمە کەوا نازانین چۆن و کەی
بە بێ ناونیشانیی ئەم ئاژاوەیە گەیشتووین و
ئێستە بەبێ ڕێ، بەبێ جێ،
بەبێ ئەوەی دەمەوێ چی بڵێم
خەریکم لەسەرەخۆ بە خۆم دەڵێم:
ـ چ واتایەکی هەیە هەتا مرۆڤ
بۆ جێیەکی تایبەت بچێ!
یان بییەوێ شتێکی تایبەت بڵێ؟


ــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
درۆیەک بە ناوی "کۆ"



ئەوان ڕابردوویەکی دووری خۆیانیان
لە توێتوێی تراویلکەی شکۆیەکدا
لە چوارچێوەی ئەرکێکدا
بە ئێمە دا و
کوتیان:
دەسەکەوتەکانمان، سەرکەوتنەکانمان،
بۆ داهاتوویەکی ڕوون بگوازنەوە!
و
ئێمە ڕێ کەوتین.


ڕێ،
بەنێوان هێماکاندا تێ دەپەڕی؛
هێمایەک له خاڵ.
هێمایەک لە سەرسامی!
هێمایەک لە پرسیار؟
هێمایەک لە ...

لە درێژەی ڕێدا کۆی ئێمە
لەنێوان تراویلکەیەک لە شکۆدا
بۆ چارەنووسی خۆمان دەگەڕاین،
یەکێک لە نێواماندا پرسیی:
بوون یانی چی؟ و
پرسیار،
لێکترازانی ڕێگەکان بوو.

هەر یەک لە کۆی ئێمە
بەدوای واتای بووندا
بە پرسیارێکدا ڕۆیشتین و
کۆکۆ کۆی ڕێگەکانم پێوا هەتا
لە تراویلکەیەک لە شکۆی ڕابردووماندا
بە یەک گەیشتینەوە.

ئێستە ئێمە دوژمنانی ناکۆکی یەک
بەبێ هیچ پرسیارێک
یەکمان لە ڕابردوو
یەکمان لە ئێستە
یەکمان لە داهاتوو و
چاو لە هەر کاتێکمان دەکەین
بوونی هەر یەکێکمان نەبوونی ئەوی ترە!

ــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
بە ئێمەشی بڵێن



دەمەوێ بەبیرم بێتەوە
هەرچەن هەرچی دەکەم
هیچم بیر نایێتەوە،
دەمەوێ بنووسم
بەڵام لەبیرم نییە بڕیار بوو
چی بنووسم.

لەتوکوتی هێندێ دیمەنی نیوەچڵ
ئاوێتەی مرۆڤەکان، دارتەلەکان، خواردنەکان،
داخوازەکان و
لەناکاو،
دووکەڵێک چەشنی مژێ
لە جگەرەکەمەوە دەس پێ دەکا.

خەریکم بابەتێک دەخوێنمەوە
ـ وا تەنانەت بە زمانی منیش نییە! ـ
بە واژۆی کۆمەڵێک ڕووناکبیرەوە:
ئێمە ڕووناکبیرانی نەتەوەی کورد
لەبەر ئەوەی ئەم مژارە لە نێومانا
لەڕادەبەدەر زۆروبۆر بووە
سەرکۆنەی دەکەین و لە دژی ڕادەوێستین و
لە داهاتوودا و لە ڕاگەیاندراوەکانی ترماندا
بێتوو بزانین باسی چیمان دەکرد
ئەوە ناوەکەشی دەورووژێنین و
هەزاران واژۆ ...


بەم درەنگانی ئێوارەیە
من بیر لەوە دەکەمەوە
ئێمە چیمان هەیە هەتا زۆر بێ! و
چاو لە شوێنێکی دوور دەبڕم
ترووسکاییەک لەو دوورانەوە دەدرەوشێتەوە
ئاخۆ لەوێ یەکێ ئاگرێکی کردووەتەوە
یان کەسێ مژ لە جگەرەکەی دەدا؟

ــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
سێبەرێک لە بوون



ئێمە تژی لە دۆڕان
دۆڕانمان،
تژی لەو خەڵکانەی هێشتا
بە لەشکرەکانیانەوە لە ئێمەدا
بەپارێزەوە
خۆیان مەڵاس داوە.

ئەوان
ساڵانێکە لە ئێمەدان
ئەوان
لە قووڵاییە دوورەکانی ئێمەدا دەژین
ئەوان
لە دڵنیاییەکانماندا بڕوان
له پرسیارەکانماندا شەڕ.


خۆبوون،
کەڵکەڵەی شکۆیەکە لە بوون.
لە بووندا خەڵکانێ لە ئێمە
هێشتا زیندوون و
زیندووانمان بەدوای ناونیشانەکاندا
لە یەکتر پرسیار دەکەن ...

(پرسیار واتا شەڕ و
شەڕ دەس پێ دەکا.)


ئێمە بۆ شەڕ دەچین
ئێمە بە بڕواکانمانەوە
بۆ شەڕ دەچین،
ئەوان ئێمە بۆ شەڕ دەبەن.

لە شەڕەکاندا
بە یەکی دەدۆڕێنین
لە دۆڕاندنەکانمان،
لە قووڵاییە دوورەکانمان
ـ لەوێ وا یەکەم شەڕمان پێیان دۆڕاندووە ـ
ئەوان دیسانیش،
بە دڵنیاییەکانیانەوە ئۆقرە دەگرن.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
هەل


لەبیرکردن
هەڵبژاردن نییە
پێویستییە.

ئێمە بە بەرینیی گۆڕستانێکی کۆن
پیاسە دەکەین
لە کاتێکدا هەر بەتەنیا
ئەو شتانەی دەبێ بزانین،
دەزانین.

ئێمە دەزانین
بێتوو گۆڕستانەکان لەخەو هەستن
ئاوەدانییەکان تێک دەچن.

ئێستە لێرە
لە نزیکی ئێمەدا
لە درێژەی ئەو ڕێیانەی پێیاندا دەڕۆین
کرێکارەکان کار دەکەن
ئەوان لەسەر شتێک کار دەکەن وا،
ئێمە نازانین چییە و
لەنێوان ئەواندا یەکێ
گۆرانییەک دەڵێ
کەرەستەی گۆرانییەکەی نوێیە ...

ئێمە پێمان خۆشە زۆرتر بیبیسین و
دەزانین
بۆ ئەوەی لە جێیەک نزیک بینەوە
دەبێ لە جێیەک دوور کەوینەوە.
ئەمەش هەڵبژاردن نییە
بەڵکوو ئەمه،
پێویستییە.


ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
بەبێ هیچ هەڵبژاردنێک



من تەنیا دوو ڕێم لەبەر بوو:
ئەوەی لەنێوان چەندین هیچدا
وندا بم،
یان بە هیچێکی مەزنەوە بژیم.


لە درەنگانێکدا
دووەمم هەڵبژارد و
من،
دەستم پێ کرد.

لەنێوان دوو مەبەستدا
ئەوەی گرینگ بێ
ڕێیە و
لە درێژەی گشت ڕێگەکاندا
هەموو شتەکان لە ڕاستەقینە دەچوون،
جگە لە من.

من
دڵنیاییەک بووم
لەو ڕێیانەی وا،
هەرگیز بوونیان نەبووە و
لە گشت ئەو دەسپێکانەی
کۆتایی بوون.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
پشێوی


ـ من پێم وا نەبێ دەبێ وا بێ
لە ڕاستیدا ئەوەی ڕاست بێ ...



ئەوەی ڕاست بێ
ڕاستییەک خەریکە لە پێچڵاوپێچی ڕستەکانی
شرۆڤەکارێکدا لەبیر دەچێتەوە.

بیرمەندێک
لە وەبیرهێنانەوە دەدوێ و
هەرچەن نایەوێ بیری بێتەوە
دەیویست باسی چی بکات!

(گۆڕانکارییەکی گەورە
لە ئەگەرەکاندا،
بێهیوا
لە نابێکانی ئێمە دەڕوانێ.)

ڕووداوەکان لێرە هەتا بووە
ئاوا کۆتاییان پێ هاتووە:
بیرە بەپارێزەکانی ئێمە و
سەری شێواوی خەڵکی و
ئەو ڕاستیانەی
لە پێچڵاوپێچی شرۆڤەی شرۆڤەکارێکدا
لەبیر دەچنەوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani
ماڵاواییەکی کورت


ئەو پێی کوتم:
ـ دیسانی با وەک جاران
لە بڕواکانمان بدوێین و
"با"ی دەهات.


من لە خۆما خەریک بووم
خۆم لە کۆنێتیی هەرچی دڵنیاییە
دادەکەند.

پێم کوت:
ـ دەبێ دیسانیش
بۆ ئەو بەرزاییانە بگەڕێمەوە.
لەوێ گورگێک منە و
هەر کاتێک دەبێ لەدایک بێتەوە،
هەرچی بوویەتی
بە "با"ی دەدا
.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
سپاسنامە


هەر لە سەرەتای نووسینمەوە کە بۆ ساڵگارێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ماڵی ئێمە بۆخۆی ئەنجومەنێکی ئەدەبی بوو و جێی کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوڕێیانی نووسەر و ئەدیب و هەتا ئێستەش هەروا بووە و هەرواش دەمێنێتەوە.

ئەم ڕۆژانەش لە مەرگی کاکم(باوکم)دا، بە بەشداری هاوڕێیانی کۆن و نوێ، دیسانیش ژیان بۆ من چ وەک خۆم، چ وەک بنەماڵەی جەوانشیر لە چوارچێوەی هەر ئەو دەسپێکانەوە دەستی پێ کردەوە، کە پێویستە ببێت بە سەرچاوەی گۆڕانکارییە بنەڕەتی و نوێیەکانمان.

هەرچەن کۆمەڵگەیەکی نەریتی، تێی کۆشاوە و تێ دەکۆشێ بە دەنگی بەرزەوە کۆنێتیی خۆی و نەریتە سواوەکانی هەردەم بەسەر ئێمەدا، بە هەموو شێوازێ بسەپێنێ و ئێمە لە تەریکییەکانماندا بنێژێ و لە چوارچێوەی بیرچوونەوەیەکدا ون بین، بەڵام بوونی لەناکاوی ئێوە، هاوڕێیانی سەردەمانی دوور و نزیکی ئەدەبی، لە کۆتاییی ژیانی "کاکم"دا، سەرەتایەکی نوێ بوو بۆ دەسپێکردنەوەیەکی تر؛ دەسپێکێک پڕ لە ئەمەگداری، جوانی، هێز، ژیانەوە و ئەو جیهانەی دەمانویست و دەمانەوێت.

ئەگەر لەو بارودۆخەدا نەمانتوانیبێت بە شێوازێکی شیاو و لێهاتووانە میوانگری و بەخێرهاتنی ئەو هاوڕێیانە بکەین کە ئەرکیان کێشا و هاتن بۆ لامان، یان فریای وەڵامدانەوەی ئەو هاوڕێیانە نەکەوتبێتین، کە لە ڕێی دوورەوە چ بە تەلەفون و چ بە نووسراوە، هاوخەممان بوون و ساڕێژێکەری بڕکو ژانمان، داوای لێبووردنمان هەیە و هیوادارین بە گەورەیی و دڵفراوانیی خۆتان لێمان خۆش بن.

بەو هیوایەی لە شکۆی ڕۆژانێکی شکۆداردا بە دوور لە دابونەریتە سواوەکان و مەرگی ئازیزان، دیسانیش بیر لە سەردەمانێکی بەشکۆتر بکەینەوە.

لەگەڵ ڕێزماندا
بنەماڵەی جەوانشیر

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

https://www.tgoop.com/baranstani1
ئاخاوتنی لەخۆڕای گشت ڕۆژەکانم


من درۆ دەکەم
کاتێک بە کەسێک دەڵێم،
تۆ ڕاست دەکەی.
من هەر دەمەوێ ئەو
وا بزانێ ڕاست دەکا!

دڵنیایی، بێدەنگی دێنێ و
من دەمەوێ
لە هەموو بێدەنگییەکاندا
بە تەنیایی هەنگاو بنێم،
هەرچەن هەرکاتێک دەبینم
دەبێ هەتا ماوم
لەنێو ئەم خەڵکەدا بژیم
پێم خۆشە جنێو بدەم.

ژاوەژاوی وشە دووپاتەوەبووەکان و
ئەو خەڵکانەی بەپێی نەریت
لە نەریتەکاندا،
لەخۆڕا پێکەوە دەژین
لەخۆڕا پێکەوە ڕێ دەبڕن
لەخۆڕا پێکەوە دەدەوێن
لەخۆڕا پێکەوە دەمرن.

یەکێک پێم دەڵێ:
ـ بۆ مەگەر تۆ نامری!
من دەڵێم:
ـ بێگومان منیش دەمرم.


ئەو
لە دڵنیایی ڕاستییەکدا بێدەنگ دەبێ و
من بیر لەوە دەکەمەوە
ئاخۆ مردنی من
چ پەیوەندییەکی بەم باسانەوە بوو؟


ــــــــــــــــــــــــــــــ

@baranstani1
2025/06/13 11:59:19
Back to Top
HTML Embed Code: