tgoop.com/baranstani1/2015
Last Update:
ئەویندارانەیەکی ترساو
دەمەوێ تۆ بەبیر بهێنمەوە
تۆ بە ناوی گوڵێکی بێ بۆ و
شار
بە شەقامەکانییەوە
بە کافەکانییەوە
بە خواردنگەکانییەوە ...
لە کۆڕێکی خۆمانەدا کەسێ
خەریکە شێعرێکی "نالی" دەخوێنێتەوە
ئێمە سڵکەرتر لە جاران
بیر لە کاتەکان دەکەینەوە
ئەو کاتانەی وا لەواندا
لە نەبوونی "ئێستە"دا
لە ڕابردوویەکی دووردا
بەترسەوە
پیاڵەکانمان هەڵدەهاوین.
بەبێ دوێنێ، بەبێ ئێستە، بەبێ سبەی،
من دەمەوێ تۆ بەبیر خۆ بهێنمەوە:
ماڵێک نازانم لە کوێ و
سبێیەک نازانم کەی و
ئێوارەیەکی هێمنی هاوینە.
بە شارەوە
بە شەقامەکانییەوە
بە کافەکانییەوە
بە خواردنگەکانییەوە
بە ئێوارەی فێنک و پێگەیینەکانییەوە
بە مانگی چاردەیەوە،
هاوین چەنێ لە تۆ دەچێ!
هەموو سەرخۆش بۆ شار دەگەڕێینەوە
بەبێ ترس لە ئێستە
لەسەر پردێک
یەکێک لە ئێمە بە دەنگی بەرز
شێعرێکی"نالی" دەخوێنێتەوە.
کەسێکی ڕیشن
بە " ئێستە" و ئێمە لەبەرخۆوە جنێو دەدا!
ئێمە بە بەرینی شار
پێ دەکەنین.
من دەمەوێ ڕوخسارت بەبیر بهێنمەوە
من دەمەوێ پرچە درێژەکانت
چاوەکانت و
ژنایەتیی پێگەییوت بەبیر بهێنمەوە
بەڵام،
نازانم بۆچی هەرچی دەکەم
ناتوانم ناوت بەبیر بهێنمەوە!؟
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
@baranstani1
BY Paşay Baran
Share with your friend now:
tgoop.com/baranstani1/2015