tgoop.com/baranstani1/2017
Last Update:
کیسەڵێک لە ڕەشەبادا
بە تووڕەییەکانمەوە
بە ویستەکانمەوە
بە خولیاکانمەوە
بە بڕواکانمەوە
بە ...
لە خۆما ڕۆچووم،
من خووم بە کیسەڵێک لە خۆما گرتووە.
هەرچەن ئێستەش جاری وایە
بیر لە خۆم دەکەمەوە
دەمەوێ
به کاتی "ئێستە" و "داهاتوو"
"با" بم
کەچی مخابن
ئیرە ڕابردوویەکی دوورە!
من وشەگەلێکی بزێوم دەناسی
ـ تژی لە تووڕەیی، لە ویستن، لە خولیا،
لە بڕوا، لە ... ـ
کەوا ئەوندە بە پارێزەوە بێژەیانم کردبوو
کە ئێستە ئیتر
لە هیچ کاتێکی مندا نەماون.
ئێرە ڕابردوویەکی ڕەهایە
بە گشت ئەو مردووانەیەوە وا
گشت کاتەکانی ئێمەیان لە دەستایە و
لە کشت کەشناسییەکانی دنیا
بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا
"با" هەڵبکا!
من لە سووچێکا لە خۆما ڕۆدەچم و
بیر لە ڕەشەبایەک دەکەمەوە وا
ڕەنگە لە کاتێک لە کاتەکاندا
من بووبێ؛
بە تووڕەییەکانییەوە
بە ویستەکانییەوە
بە خولیاکانییەوە
بە بڕواکانییەوە
بە ...
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
@baranstani1
BY Paşay Baran
Share with your friend now:
tgoop.com/baranstani1/2017