tgoop.com/mkamaran/5252
Last Update:
ئایە دەزانیت گەورەترین بەڵاو موسیبەت چی یە؟
وا گومان نابەم بەڵایەك هەبێت لەمە گەورەتر:
- کەسێك نییە دەوڵەمەند بێت و هەژار بکەوێت.
- کەسێك نییە لەشساغ بێت و نەخۆش بکەوێت.
- وە کەسێك نییە منداڵی ببێت و بمرێت.
بەڵکو گەورەترین موسیبەت - لە پاش موسیبەتی دین (یەعنی ئەو کەسە دینەکەی لە دەست بدات -وەرگێڕ-)- خوای گەورە منداڵی بداتێ، هەوڵی لەگەڵ بدات و یارمەتی بدات و خزمەتی بکات و هەوڵی چاکبوونی بدات و پەروەردەی بکات، پارەی بداتێ و کاتی بۆ دابین بکات
تاوەکو منداڵێکی صاڵح دەرچێت و دڵی خۆش بکات، وە ئاواتەکان و ئومێدە گەورەکانی بێنێتە دی، وە بەو پەروەردەکردنە هیواداربێت بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونەکەی ببینێتەوە بەوەی گوێڕایەڵی خوای گەورە بێت و چاکەکاربێت بەرامبەر دایك و باوکی، یارمەتی بدات و پێداویستییەکانی بۆ جێبەجێ بکات و یارمەتی خوشك براکانی بدات و پشتگیریان بکات.
بەڵام لەپاش چەند ساڵێك کە ئەو ئومێدانەت هەبووە، و ئەو ماڵ و کاتانەت بۆ تەرخان کردبوو:
بەو شێوەیە دەرنەچێت، و ببێتە گرێیەك و خەفەتێك لە قوڕگتدا، وە تووشی چەندین کێشە ببیت بەهۆی ئەوەوە،
وە خەفەتبار و بێتاقەت ببیت بەهۆی درەنگ هاتنەوەی و نەشزانیت لەکەڵ کێدایە، وە هاوڕێیەتی کەسانی خراپ بکات،
وە بکەوێتە ناو تاوان و جگەرە بکێشێت،
قورئان نەخوێنێت و گوێ لە مۆسیقا بگرێت، و لە شوێنە خراپەکان و قاوە خانە خەریکی کات بەسەربردن بێت، و نوێژ نەکات، و ئەخلاق و ڕەوشتی خراپ بێت، و خراپ بێت بۆ دایك و باوکی و کەسێکی درۆزن بێت.
سوێند بەخوا نازانم موسیبەتێك هەبێت لەوە گەورەتر بێت، وە نازانم تاقیکردنەوەیەك هەبێت لەوە سەختتربێت.
پیاوێك تەلەفۆنی بۆ کردم و گلەیی لەو ناڕەحەتی و ئازارە دەکرد لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی زینداندا ڕووبەڕووی بووەتەوە، وەکو ئەوەی توشی گەورەترین موسیبەت بوبێت.
پێم وت: کوڕت هەیە؟
وتی: بەڵێ.
وتم: تەمەنی چەندە؟
وتی: دە ساڵ.
وتم: چۆن بویتە لەگەڵی؟
وتی: هەوڵێکی زۆرم داوە بۆ ئەوەی بەختەوەر بژێت.
وتم: لە بەندینخانە بیت یان خراپبوونی منداڵەکەت کامیان سوکترە لەلات؟
دەست بەجێ و بە کاریگەرییەوە وتی: بەڵکو سجنەکەم زۆر پێ سوکترە.
بۆیە ئەی منداڵ: ئایە دڵت نییە؟
ئایە عەقڵت نییە؟
ئایە هەستت نییە؟
ئایە دڵی ئەو دایك و باوکەت دەڕەنجێنی و ئازاریان دەدەیت لە کاتێکدا ئەو تۆی بەخێو کرد و فێری کردیت و خواردنی بۆت ئامادە کرد و شوێنی بۆت دابین کرد؟
ئایە دڵیان دەشکێنیت کە ئەوان هۆکاری بوونی تۆن لەم دونیایە؟
ئایە نازانیت عقوبە و سزای ئەو کەسەی ئازاری دایك و باوکی دەدات لە دونیا وەری دەگرێت پێش قیامەت؟
بۆیە بگەڕێرەوە بۆلای خوای گەورە و چاکبە لەگەڵ دایك و باوكت پێش ئەوەی ژیان بەجێ بێڵیت.
خوایە ڕەحم بە دایك و باوکان بکەیت کە هەوڵی باشکردنی منداڵەکانیان داوە بەڵام بە قودرەتی تۆ - کە حیکمەتی گەورەی تۆی تیایە ئەی خوای گەورە - گومڕابوون.
خوایە ئەو دڵە شکاوەیان چاك بکەیتەوە،
وە پاداشتیان لە دونیا و دواڕۆژدا بۆیان زیاد بکە،
وە زوو منداڵەکانیان بۆ چاك بکە، چونکە جگە لە تۆ کەس نییە بتوانێت هیدایەتیان بدات.
✍ الشيخ: #أحمد_الطيار
✍ وەرگێڕانی: هشام لطیف بەرزنجی
١٥ جمادي الثاني ١٤٤٦ کۆچی
٢٠٢٤/١٢/١٦ لە دایك بوون - دوو شەممە
BY گوڵبــژێرێڪ💛
Share with your friend now:
tgoop.com/mkamaran/5252