tgoop.com/NISHTMANIJOAN/81372
Create:
Last Update:
Last Update:
باوکی کۆمار قەت لەبیرم ناچێتەوە. ڕەنگە ئەگە باوکی کۆمار نەبوایە کۆمارم لەبیر بچوایەتەوە. وەبیرهێنانەوەی کۆمار و باوکی کۆمار، ئەو باوەڕەم لا ساز دەکا ئەوەی ڕووی دا کۆتاییی چیرۆکەکە نییە. مەرگی کۆمار کۆتایی نییە. وەبیرهێنانەوەی کۆمار ئەو باوەڕەم لا ساز دەکا ئەوەی ڕووی نەدا، تا بە ئەنجام نەگا، هەر دێتەوە. وەڕاستگەڕانی خەونی ئازادی و سەربەخۆییی ئەو نەتەوە. لەدایکبوونی کۆمارەکان. کۆمارەکان هەر دەگەڕێنەوە و لەدایک دەبن.
"خۆشبەختم. جەرگبڕاوم." نیچە دەڵێ ئەرێ وتن بە ژیان، ئەرێ وتنە بە خۆشییەکانی، بە ڕەنجەکانی. ئەرێ وتن تەنانەت بە مەرگیش. بە جەرگبڕاوییش. ئەتۆ لێی تێناگەی کاتێ ئەو دوو وشەیە دەنێتە پاڵ یەکەوە باوکی کۆمار. خۆشبەختبوون، جەرگبڕاوبوون. دوو دەستەکەی هەڵبڕیوە. مەودای نێوانیان بەقەد درێژییی ڕستەکانی کورت. "نێوم لێ نا کۆمار". کۆمار. کۆمارێکی جوانەمەرگ. مەودای نێوان ئەو دوو دەستە وەک تەمەنی کۆمار کورت. ژیان، ترووسکەی ڕووناکییەکی کورتەماوەیە لەنێوان دوو تاریکیی بێکۆتاییدا. ڕووناکییە مەودای نێوان ئەو دوو دەستە. وەک ژیان کورت. ئادرەسی ڕووناکیتان دەوێ، سەیری ئەو دوو دەستە کەن. ژیانی ترنجاندووەتە ئەو فەزایە و بەسەریا دەبارێنێ کە زەرد نەبێ، کزر نەبێ. دەستێکی پیسی داگیرکەر بوو هات و ژیانی کۆماری هەڵپێچا. هات و ویستی درێژە بە تاریکیی پێش داگیرسانی کۆمار بدا. لەدایکبوونی کۆماری پێ نەسڕدرایەوە بەڵام. ئێمە ڕووناکیمان قاپ گرتووە. ڕووناکیی ژیانی کورتی کۆمار. هەڵمانواسیوە بە هەموو سووچ و قوژبنێکی ئەو نیشتمانەوە، وەک قاپی ژیانی کۆمار بە دەستی باوکیەوە. وەک قاپی ڕووناکی کۆمار لە ماڵی بیری هەمووماندا. ڕووناکیی لەدایکبوون. لەدایکبوونێ کە بە هیچ مەرگێ ناکوژرێ. ڕووناکی ژیان. ژیانێ کە مەرگیش دەژینێ. بیست و پێنجی گەلاوێژ، ئادرەسی ڕووناکییە. کۆمار نێوی بچووکیەتی. بیست و پێنجی گەلاوێژ ڕۆژێک نییە و ڕۆژانی پێش و پاشی ونی کەن. شوێنێکە و هەموو ڕۆژێ سەردانی دەکەین. وەک ژیان، مەرگیشی لەدڵی خۆیدا جێ داوە و وەک ژیان لە هەموو لایەکەوە تاریکی دەوری لێ داوە و کەچی بوونی لەخۆیدا پێکەنینە بە تاریکی. بیست و پێنجی گەلاوێژ ئێستا ماڵی ڕووناکی کۆماریشە. کۆماری تازەلاو. ئێستا کە سەردانی دەکەین، کۆماریش بەسەر دەکەینەوە. ئێستا کە سەردانی دەکەین دەستی باوکی کۆمار دێ ئەملا و ئەولامان دەگرێ و ڕووناک دەبین. ڕووناک وەک سەمای لەرزۆکی مۆمی دەنگی باوکی کۆمار. سەما لەپێش چاوی هەمیشەبێداری تاریکیدا.✍ لە ئینستاگرامی نووسەری بە توانا م.ئەحمەدی
@NISHTMANIJOAN