Telegram Web
#خاڵەقازی


کوێخا ڕەسوڵ هەڤدە منداڵی هەبوو ،دوازدە کوڕ و پێنج کچ،،نەیهێشتبوو خات زڵەخای ژنی یەکساڵیش بحەسێتەوە،زیاتر لە سی و دوو ساڵان خازڵەخا،هەر بە ئاوس بوون و منداڵ بوونەوە بوو،،دەگەڵ ئەوەش دا ،،خازڵەخا بەیانیان پێنجی بەیانی هەڵدەستا ومانگای دەدۆشین و دوایە گاڕانی دەردەکرد،تەویلەی دەماڵی و قەدیم بە سەوەتەی و لەم دوایانەش دا بە فەرغوونی ڕیخەکەی دەبردە پشت ماڵێ دەیڕشتن، ئینجا دوو دەبەی دەبردن لە کانی ڕا ئاوی دێنا و دە مەشکەی دەکردن و سەماوەریشی لێ پڕ دەکرد و ئاویشی دە ئەفتاوەیەکی مسی زەرد دەکرد و تونگەیەکیشی دادەنا بۆ ئەوەی کوێخا ڕەسوو دوای دەست بە ئاو گەیاندنێ دەست نوێژی پێ هەڵگرێ و نوێژی بەیانی نەچێ،،،دەستی دەکرد بە مەشکە ژاندن و کوێخا ڕەسوو هەڵدەستا و یەکەم قسەی ئەوە بوو ،تەواو نەبووی لەو شڵقە شڵقەی؟
کوێخا بە پەلەپەل دوو ڕەکعەت نوێژی بەیانی دەخوێندو دەبوایە تەواو لە نوێژی نەبوبێتەوە کە چایەکیان بۆ بردبا و موجاعمەیەک نان و پەنیر و ڕۆن و ماست و چایەکی شیرنیشی لەسەر بۆ چوبا ژوورێ،،،،خازڵەخا لە مەشکەی دەبۆوە و دەستی دەکرد بە هەویر شێلان و ئاوردانی تندووری تەپاڵان،دەبۆ چڕە دووکەڵ و چاوکانی گوڕ گوڕ ئاویان پێدا دەهاتە خوار،،هەتا قاوەڵتوونێ لە نان کردنێ دەبۆوە و جا وەرە بە منداڵان ڕابگا و خۆ سازکە بۆ چێشتی نیوەڕۆیە،،،،تەواوی ئەو ماوەیە خا زڵەخا دوعا و توک و نەفرینی لە کوێخا ڕەسوو دەکرد و هەتا منداڵ هەڵدەستان ،ئینجا ڕووی دوعا و نەفرینانی لە منداڵان دەکرد و سەر و بابانیانی دەقوڕێ دەنان،،
ساڵ و مانگ تێپەڕین و ئەو ژیانە هەر ئاوا بەردەوام بوو و منداڵ وردە وردە گەورەتر و گەورەتر دەبوون،،مەحمودیان هاوتەمەنی من بوو لەوانە بوو دوو سێ ساڵ گەورەتر بێ،،،ڕۆژێکی کوتی وەرە بچینە مەزرایە،،دەگەڵی کەوتم و دوو گوێدرێژی وەپێشە خۆی دابوو و شوڵێکی پێ بوو جار و بار لە تێڕی کەرەکەی دەدا و دەیکووت ،،،هەچە بابم،،هەچە بابم
کوتم مەحمود ئەو هەچە بابمەت لە چێ؟؟ کوتی خۆ ناڵێم هەچە بابم،،دەڵێم هیچە  بابم،،هیچە بابم،،،،پێکەنین گرتمی ،،کوتی نازانی دەردم چێ؟
کوتم نا
کوتی ئەوە کەوش و کەوای منە
دۆینێ پێرێ بابم گوێلکێکی وەپێش خۆی داو یەکسەر بردی بۆ خانەقای شێخی ،،،،،،،،،، وەک دیاری و لەولای ڕا دەست لە گونان درێژتر هاتەوە و پەڕۆیەکی شینی چکۆڵەی هێنابوو دەیکووت ئەوە تەبەڕووکی شێخە،زڵەخا ونی نەکەی
ئەوەش وەزعی من و دایکم و منداڵەکانە
توخودا ئەو گوێلکەی بۆ مە فرۆشتبا چاتر نەبوو؟؟؟
یشوڵێکی دیکە لە کەرەی دا و کوتی یاڵا بابم توندتر
هەچە بابم دەی بڕۆ، هەچە بابم




@mzravilka
#لانەواز


دەنگێکی زۆر خۆشیشی هەبووە.
جارێکی سمایل‌خانی شکاک(سمکۆ) ڕێی دەکەوێتە گوندی بادین‌ی پشدەر؛ ئاغای ئەوێ چروستانی بانگهێشت دەکاتە دیوەخان تا بۆیان بخوێنێتەوە قورئان. دەنگە پڕ سۆزەکەی کاری کردووەتە سەر سمکۆ و بێ‌ ئێختیار فرمێسکی وەراندووە و بەکوڵ گریاوە؛ هەربۆیە داوای لێ کردووە ببێتە مەلای تایبەتی سمکۆ، بەڵام داواکەی ڕەد کردووەتەوە...
زۆربەی شێعرەکانی نالی و مەحوی لەبەر بووە و بە مەقام و ئاواز لە کۆڕی یاران خوێندوویەتەوە دڵی لاواندوونەتەوە💓


@mzravilka
#لانەواز


تانووت(ثَرذَنِش) و گلەی دایکی وەتەن لە نەتەوەی خۆی
کاری لە دڵم کرد و پەرۆشم بوو گەلێ بۆی:

کورد ئێستە هەویری لمە، زەحمەت کە بخووسێ
پێزی نیـە، سن‌خواردووە، چۆن پێکەوە نووسێ؟
:
ئەم کوردە بەجەرگە کە لە تیر چاونەترووکێن
بۆ زارەتەرەک؟ ئێستە دەتۆقێ لە هەلووکێن!
:
وەک بزنی بەرەڵڵا یەکی ڕووی ها لە شــوێنێ
گەر دوو بگەنە یەک شەڕەقۆچ خۆی دەنوێنێ
:
لێک‌دی دەکوژن، لێک‌دەدزن، لێک‌دەفـڕێنن
گەر کۆمەڵیـان کەی بە شریت ئەیپچڕێنن٭

٭واتە: کوردەکان لەنێو خۆیان‌دا ئەوەندە ناکۆک و ناتەبان، ئەگەر ڕیزیان بکەیت و بە شریت پێکەوەیان‌ ببەستی ئەیپچڕێنن و یەک ناکەون...😰

مامۆستا #مەلا_محەمەد_چروستانی[ 1963_1894]

سەرچاوە: دیوانی شاعیر

@mzravilka
#هیوا


مەڵا ڕەحمانی قاڕنێ ئاوای بۆ گێڕامەوە،،

کوتی شەوێکی خۆشی وەرزی بەهار بوو،
منیش تۆپی پێم زۆر پێخۆشە، ئەوێ شەوێ دوو یانەی ڕئاڵ و بارسا یاریان پێکەوە هەبوو منیش بە دیار تەڵەفزیۆن دانیشتبووم سەیری یاریم دەکرد،
لە دەرگایان دا و خێزانم چوو دەرگاکەی کردەوە،،
خێزانم هات وتی مەڵا ڕەحمان ئەو ژنەی جیرانمان هاتووە دەڵێت کوڕە بچکۆلەکەم چەند شەوە لە بەر گریان
نەنووستووە، ،،
نوشتەیەکم بۆ بنووسێ،
منیش وتم پێ بڵێ دوایە بۆی دەنووسم،، خێزانم ڕۆیشت، دیسان هاتەوە، وتم ها چبوو، وتی فەقیرە بۆی بنووسە دەڵێت
بۆم ناحاوێتەوە، خێرت دەگاتێ،،
منیش هەر لەوێ لە سەر دەفتەری مناڵان زوو بۆم نووسی،،،

ئەی باب کەری
دایک ماکەر
بۆ ناخەوی،،
هەی جاشکە کەر،،

پێچامەوە و وتم پئ بڵێ دە ئاوێی هەڵکێشێ و سێ جەمە ئاوەکەی بداتێ،،
نوشتەکەی دەبن سەری بنێ،،

سەرتان نەهێشێنم، بۆ بەیانی زوو یەکێک لە دەرگای دا، چووم دەرگام کردەوە، هەمان ژنەی جیرانمان بوو،
قاپێکی شیرێژو ڕۆن هێنابوو،،
سڵاوی کرد و کوتی مامۆستا یا خوا خێرت وەڕێ بێت ئەو شۆ کوڕەکەم خرپ بۆی نووست،،
ئەوەش سەر قەڵەمانە،،،


👉@mzravilka👈
‍ نات کووین و قامک!

ئەو ڕۆژانە لە سایەی سەری تێلێگڕام، بازاڕی قامکان لەوپەڕی خۆیدایە.
پێشینیان دەڵێن شەڕ لە بێکاری چاترە.
بەڵام ئەوجار ئاشت بوونەوەی ئەنگوست و مۆبایلە!
قامکی بەستەزمان کوێرەوەری زۆرن وەکوو:
پشت خوراندن، سەرخوراندن، ئەنگوستیلە و شتی تریش....
لە سەدەی فڕین و تەیارە و سەیارە، تێپەڕیوینو پازن داوە.
وەژوور چاخی تۆڕی کۆمەڵایەتی و بازاڕی قەوغای پاڤێڵ دۆرۆفی کەوتوین.
بازاڕی حەمەخرچەی ساوڵاغ و فەلەکەی سەردەشتی خانێ، دەسکان لە دوو قامکە بازاڕی ناکەن.
قامکەکان وا وەخۆکەوتوون بیلامانێ، بیلاتەژبی...لە بۆ پێشاوێش مەعتەل بووین!
چوونکە سەرن بچی! نابێ قامکن بە بزاوی لەسەر گوشی لا بچی...
لە کاتی راوەستان، نانخواردن، سەفی نانی، نوستن، قسەکردن، سەرەخۆشی، سەرداوەت، سەردان،
هەر قامکەو دەبزوون و هەدادانیان نیە.
دوای نوێژیش تەسبیحات بە قامک و مۆبایلی دەکرێ، دەسحێبی ماڵوێران خانەنشین کراوە.
((هەڵێنجانی ئەرزی دیجیتال قامکی بە وەجی دەوێ، ڕەنجی شەو و ڕۆژی دەوێ))
لێو نەشارمەوە، لەو نێوەی دا، هەر منداڵ و پاڵ خەریک نین...
حاجی و شێخ و مەلا و پیرەژن و پیرەپیاویش
هەڵبەزهەڵبەزیانە و خەریکی قامک کوتانن.
ئاوا بچینە پێش قامکن وا بەقەوەت دەبن رۆستەمیش پێن ناوەستێ!
گرینگ ئەوەیە بێکار نەبی.
بەڵان پشت خورێنو لەبیر نەچێ.
خوڵا دەوامێو بدا.
عەبدوڕەحمان _ ئەحمەدی.
لە کاناڵی دانش و بیداری وەرگیراوە


@mzravilka
چوار وانە
یەکەم/ هیچ دارێک نییە با نەیجووڵێنێ، هیچ مرۆڤێکیش نییە هەڵنەنوتابێ. بەڵام تەنها ڕەگ بەهێزەکان دەمێننەوە!

دووەم/ کاتێک ئەو شتەی زۆر هەڵوەدای دەبین، ڕەنگە ببێتە هۆی لەنێوچوونمان!

سێیەم/ ژیانی خۆت بە خەڵکانی ترەوە مەبەستەوە. هیچ پێوانەیەک لە نێوانی مانگ و ڕۆژدا نییە! ئەوان لە کاتی خۆیاندا هەڵدێن و دەدرەوشێنەوە!

چوارەم/ ئەگەر لە ژیاندا ئامانجت نەبوو، بەختی باش فریات ناکەوێ. کەشتییەک کە نەزانێت بۆ کام کەنار دەچێت، با پاڵنەریشی بێت  بێ سوودە!
له فارسییەوە وەرمگێڕا/ کەرەم کاکەوەیس

@mzravilka
#مامۆستا لەتیف هەڵمەت

لەتیف هەڵمەت گەیشتە لووتکەی شیعری کوردی ئیمڕۆ بەم هەڵبەستە:
(تکا لە هەموو کوردێکی کەرکوک ئەکەم ئەم هەڵبەستەی لەتیف هەڵمەت بڵاو بکاتەوە
"""""""""""""""""""""""""""""
زیندەگینامەی کەرکووک / مەرگنامەی داگیرکەران

جاران هەموو ڕێگاکان دەچوون بۆ : 
بانە
ئێستا گشت ڕێگاکان  دەڕۆن
بۆماڵی مامە ڕیشە لە :
کەرکووک 

ئەگەر خوای مەزن
بچوایە بۆ میوانی خۆشەویستانی خۆی
دەچوو  بۆ  ماڵی
ئازاد هەورامی لە  : 
کەرکووک  

ماڵی کەس نیە کەس ..  کەس 
تاپۆکەی لە گیرفانی
کامیلی مەلا وەیسی دایە  :
کەرکووک 

خوای مەزن
سێ جار  گریاوە 
یەکەم جار  بۆ :
هەڵەبجەی کیمیابارانکراو 
دووەم جار  بۆ : 
ئەنفالکراوەکان 
سێیەم جار بۆ  :
ئاوارەکانی
کەرکووک 

خوای مەزنیش
بەکوردی قسەدەکات
کاتێ کە دەچێ بۆ :
کەرکووک 

خوا ئەگەر
لە ئاسمان بێزار ببێ 
بە جبرەئیل دەڵێ
عەرشەکەی بۆ گوێزێتەوە بۆ  :
کەرکووک 

خوای مەزن
دووجار  نەفرەتی کردووە 
یەکەم  جار  لە ئیبلیس 
دووەم جار لە : 
بەرپرسەکانی
کەرکووک 

لە :
حزب و  مزب  بێزارە  بێزار     بێزار 
تەنها و تەنها 
ناسنامەی کوردستانی لە گیرفاندایە
کەرکووک 

زستانان کە ئاوی خاسە هاژەی دێ 
ئاو نیە
خوێنی  شەهیدەکانە
گۆرانی دەڵێ بۆ :
کەرکووک 

هەموو بڵێسە ئاگرێک
شەهیدێکە  بە چرایەکەوە
بۆماڵەکەی جارانی خۆیان دەگەڕێ لە :
کەرکووک 

لە ژمارەی هەموو نەتەوەکانی عێراق
زۆرترن
ژمارەی شەهیدەکانی :
کەرکووک 

ئەگەر دەمی ببوایە
تفی لە هەموو بەرپرسێکی
نەوت دز  دەکرد 
کەرکووک 

ئەگەر خوای مەزن حەزی لەگۆرانی بوایە
دەچوو گوێی لە گۆرانی (شەرتە  تا  ڕۆژی حەشر ) ی
عەلی مەردان دەگرت لە :
کەرکووک 

لە باو‌باپیرانمم بیستووە
مردوو زیندووبۆتەوە
کە شۆردراوە بەئاوی :
کەرکووک 

لە هەموو ئەستێرەکان
جوانترن
ئەستێرەی ئاسمانی :
کەرکووک 

ئادەم و حەوا
کەلە بەهەشت  دەر کران
چوون  بۆ :
کەرکووک 

واڕاهاتوین
کە دەبین  بە وێنەکێش 
سەرەتا  لە سەر دڵماندا 
دەکێشین وێنەی :
کەرکووک

لەو چیاو گردۆڵکانەدا
گوێم لە دەنگی  هەزاران شەهیدە  دەڵێن :
ئێسک و پرووسکەکانمان ببەنەوە بۆ :
کەرکووک 

بە زیندوێتی و
بە مردوێتی 
هەر شەهیدن
شەهیدن  خەڵکی :
کەرکووک 

وڵاتی بەرپرسە بازرگانەکان نیە 
وڵاتی شەهیدەکانە
کەرکووک 

دەکرێ  ناوی شەقامەکانی
بگۆڕدرێ 
بەڵام  ناکرێ 
ناکرێ
ناکرێ 
لە یاد بچێ ناوی شەهیدێکی :
کەرکووک 

ئەی خوایە گیان
من نە دەوڵەمەندێتیم  لێت دەوێ
نە وەک  هەندێ لە زانایانی ئاین
لێت دەپاڕێمەوە ببم
بە ئەندام پەڕلەمان 
هەموو نزایەکی من ئەوەیە
توانەیەکم بدەیتێ 
جوانترین شیعر بنووسم  بۆ‌ :
کەرکووک  .......  ‌‌
کابرایەکی کورد هەبوو بە منداڵانی ئەخوێند. کوڕێکی سەیدی لا هەبوو جوانکیلە و ژیکەڵە. هەموو جار لای دەست خۆیەوە دایئەنا و دەرسی پێ ئەوت. کە لێ ئەبوونەوە تێر ماچی ئەکرد و هەڵیئەگڵۆفی و خزمەتی زیاتری دەرس و دەوری ئەکرد. کابرایەکی دراوسێی هەبوو ئاگای لەم کارەساته هەبوو. ڕۆژێ پێی وت : ئەرێ ئەوە بۆ تۆ ئەوەندە،ماچی ئەو منداڵە ئەکەیتەوە و هەڵی ئەگڵۆفی ؟
ئەویش وتی: سەیدە، و محەمەدیشی ناوە. منیش موسڵمانم لەبەر خۆشەویستی پێغەمبەرەکەمان پێویستە لەسەر خۆشم بوێ و خزمەتی کەم!
ماوەیەکی پێچوو ڕۆژێک کابرا منداڵێکی تری چاوپێکەوت مێزەرەیەکی سەوزی بەسەرەوە بوو!  بەڵام سەری کەچەڵ و لووتی چڵمن و چاوی کوت و کوێر و هەتا بڵێیت  ناشرین بوو. پەلی گرت ۆ هێنای بۆ لای مامۆستاکە و پێی وت: ئەمەشسەیدە و هەتیوە؛  دیسان محەمەدیشی ناوە، پێی بخوێنە و خزمەتی کە. مامۆستاش سەیرێکی منداڵەکە و سەیرێکی کابرای کرد و وتی: برا بۆچ هەر من موسڵمانم?  خۆ تۆیش موسڵمانی! من هەر خزمەتی یەکێکم پێ ئەکرێ، تۆیش بچۆ خزمەتی ئەوە بکە!😂

ژێدەر: ڕشتەی مرواری، عەلائەددین سەجادی


@mzravilka
نگین جەعفەر


هەموو ئەو شتانەی کە دەیانبینین، ئەو بەرکەوتنانەی کە هەمانن هەموو کات ڕاستیەکە/ ڕاستیەکان نین.
ئەم نوسینەم لە پێگەیەکی ئینگلیزی خوێندەوە و پێم خۆشە لەگەڵ ئێوە بەشی بکەم.

“درۆ بە ڕاستی گوت: با پێکەوە خۆمان بشۆین و مەلەیەک بکەین، ئاوی بیرەکە زۆر خۆشە.
ڕاستی گومانی هەبوو و متمانەی تەواوی بە درۆ نەبوو، ئاوەکەی تاقیکردەوە و بۆی دەرکەوت ئاوەکە بەڕاستی خۆشە.
بڕیاری دا خۆی لەگەڵ درۆ ڕووت بکاتەوە و دەستیان کرد بە خۆشتن و مەلە کردن، درۆ لەناکاو لە ئاوەکە بازێکی هەڵدایە دەرەوە و هەڵهات و جل و بەرگی ڕاستی دزین و لەبەری کردن.
ڕاستی بە تووڕەییەوە لە ناو ئاوەکە هاتە دەرەوە و  بەوەی زانی کە درۆ پۆشاکەکانی دزیووە، بە جەستەی ڕووتەوە سۆراغی پۆشاکەکانی دەکردن و دەیویست وەریان بگرێتەوە. لە کاتی گەڕان بەدوای پۆشەکەکانیدا بۆی دەرکەووت مرۆڤەکان و جیهان بەرگەی بینینی جەستەی ڕاستی ڕووت و قووتیان نەییە. دەستیان کرد بە سووکایەتی پێکردن و هەراسان کردن و شەرمەزارکردنی ڕاستی؛ مرۆڤەکان پشتیان تێ کرد وە تۆمەتباریشیان کرد، پێیان دەگووت تۆ کەسێکی تێکدەر و یاخی.
جەستەی ڕووتی ڕاستیان پێ هەزم نەدەکرا.
ڕاستی داماوو و فریو دراو گەڕایەوە ناو بیرەکە، بۆ هەمیشە خۆی وون کرد و خۆی شاردەوە لە مرۆڤەکان.
لەو کاتەوە درۆ بە جیهاندا دەگەڕێت و ڕادەکات، جل و بەرگی ڕاستی لەبەردایە، کۆمەڵگاش بێ ئاگا و ناهۆشیار و  دڵخۆشە، چونکە جیهان و مرۆڤەکان هیچ ئارەزووی ناسینی ڕاستی ڕووتیان نییە و نەماوە.

@mzravilka
#مەحەمەد بێهڕەوان- بۆکان



دەگێڕنەوە دەڵێن جارێکی لەدێیەک مەلای ئاوەدانی بانگەواز دەکا دەڵێ ئەی برایانی بەڕێز هەمووتان ئەمڕۆ بۆ نوێژی عەسر دەبێ بێنەمزگەوت کارم پێتانە. خەڵکەکەش هەموویان دەچن دوای نوێژ مەلا دڵێ: جائەوە بۆیەبانگم کردن پرسیارێکتان لێبکەم. دەڵێ:هەرکەس لە ژنەکەی ڕازێ دەستی هەڵێنێ .هەموویان دەست هەڵدێنن تەنیا پیاوێک نەبێ .مەلا دەڵێ ئەتۆ لە ژنەکەت ڕازی؟ دەڵێ ناوەڵڵا. دەڵێ ئەدی بۆچی دەستت هەڵنەهێنا؟ دڵێ مامۆستا هەر دووک دەستی شکاندووم چۆنی هەڵێنم.



@mzravilka
#دەست نووسەکانی خاتوون یووکابێدمام عەزیزی

بە منداڵی پێم وابوو کچ ئەگە سەری ڕوت بێ و کراسی تۆڕ دەبەرکا یان نا شاڵواری لی و کەوشی بێ گۆرێ دەبەرکا جوانە دەنا هیچ ڕێگای دیکە بۆ جوان بوونێ نیە. جا خانێ ( پیرانشار) جوانی بۆ من تێدانەبوو.  هەرچی هەبوو بە سەر و هەنێ هەڵنەگیراوی کراسێکی قەسری فشەڵۆکی بە سەر خۆ هەڵدەکێشا و لێچکەیەکی لە قوڕقڕۆچکەی خۆی توند گرێدەدا. بۆ دەرێش مانتۆ هەر نەبوو، ئەگەر هەشبا جەواڵی کای. شاڵواری بن مانتۆش هەمووی پارچەیی بوو و  داو و دەلینگێکی شڵدم شڵدم بە سەر کەوشی تەورێزی پانێ سێ سانتی لێو کەت دا دەهاتە خوار. لە شاییەکانیش ئی یەک دو ماڵان نەبێ ئەوی دەدی هەمووی کیژۆڵەی شەرمێون، شەرمێون، بە کراسی ئەستور ئەستوری ئاستەڕ تا جومگەی دەستان و ئاواڵ کراس تا خوار گوێزینگان داکێشراو و سەر و سەکوتی داپۆشراو و سوراوسپیاوێکی نابەڵەد کراو لە زار دەرکێ هەڵدەکورمان.

دەهۆڵ و زوڕناچی یا قامبێژ بە دەگمەن بانگهێشت دەکرانە مەجلیسی شایی خانەییان، زۆر زۆر ماڵە زاوای ئەگە ئیستریۆیەکیان هەڵکردبا یا نەکردبا. ئەویش ئەگەر مەلای مزگەوتێ دڵی نەئێشابا و گەورەی ماڵێ دم و لوتی تێک نەنابا و عەقرەبای ئیشکە موسوڵمان بە سەد دەهۆیان  بەڕێکرابانەوە مزگەوتێ، کڵاو چەرخانێک تا بووک دادەبەزی داوەت دەگەڕا.

تاقانە کوڕی ماڵە مە کاکەلە بوو. باڵا بەرز و کاکۆڵ نەختێک لول و لا جایینگ سپی و سەروچاو پان، جوان چاک بوو. ساڵی ۷۱ دەرچوو بۆ زانکۆی تەورێز. چوار ساڵی زانکۆی کاکەلەی ، نەنکم هەر کوتی ئەگەر بژیم بمێنم بووکت بۆ دابەزێنم، دەسرەی سەمای کیژۆڵان حەسارێ بخرۆشێنن، گرمەی پێی کوڕە لاوان ئەستوندەکان بجوڵێنن، دایکم بۆی دەستاندەوە ئەگەر بژیم بمێنم بووکت بۆ دابەزێنم، نوقڵ و پوڵ و شیرینیم سەربانان بلەرزێنن...
چوار ساڵی زانکۆی بە سەر چو. بووکێکی زۆر جوان نیشان کرا، بووکێکی چاو شینی قژ کاڵی، لێو ئاڵی باڵا عەرعەری.
وەعدی بووک گوێستنەوەی داهات.
گەورەی ماڵە مە هێدی و هێمن بوو و خۆی دەکاری هەڵپەڕکێی جحێڵان هەڵنەدەقوتاند. عەقرەبا ئیشکە موسوڵمانەکەشمان پاشی نانی بووکێ خورا، هەرچۆنی بوو ڕەکێش کرابۆوە بۆ مزگەوتێ، ئاگاداری مەلاش نەبوومە داخوا دڵی ئێشابێت یان نا بە گەڕی داوەتی حەساری عەزیزی فەقێ ڕەسووی.
کچە خزمی نیزیکی خۆمان، زۆربەیان مێرمنداڵ بوون و حیسابی شاییکەریان بۆ نەدەکرا دەنا ئی سوور و سپی ناسکۆکەیان تێدابوون. شۆڕەژنی لەباریشمان هەبوون، یەکیان دایکی خۆم بەڵام لە بەر غارغاردێنێ هێندە دە فریای داوەتێ نەدەکەوتن. دەر و جیرانیش سێ چوارێک نەبێ ئەوی دی زۆربەی لە قاپی خودای بێ نەسیب ببوو.

هاو زانکۆیی کاکەلەی، حەوت هەشت شۆڕە لاویی قیت و قۆز بون لەو شارانەی دەور و پشت ڕا هاتبوون، کۆڕە جحێڵەکانی خزم و ئاشنای خۆشمان ئی ڕەشید ڕەشیدی تێدا بوو.

داوەت بڵێم نەدەگەڕا، دەگەڕا بەڵام بە خاوی. میوانی شاران چاویان بە ئاستەم دەگێڕا و خۆیان لە بەر ڕاوان مات کردبو، بەشقەم دۆیەک بێتە دیلانێ و دەستێک بگوشرێت و ڕانێک لێک خشێت. جحێڵی خزمانیش چاوە چاویان دەگەڵ کچی گەڕەکێ بوو ها بەشقەم یێک بیگرێ و جێژوانێک و ڕامووسانێک لە قوژبنێکی ئەو قەرەباڵغییەی دەسکەوتیان بێت.
کچانیش پۆل پۆل یا لە بن دیوار و زار دەرکان قریتە قریت و ورتەورتیان بوو و چاوبڕکێنیان دەکردەوە و دمیان پەل دەکردەوە یا سەریان دەقالان خستبوو مانا ها سەنگینین یا دەگەڕی خاوی داوەتێ دا دەوریان دەداوە. شۆڕە ژن هەر یێکە و بە مستێک نوقڵ و مینۆوە و جوامێر بە گیرفانە پوڵی شەق دەهاتن و دەچون لە حەساری بە چاوەڕوانی گەڕانەوەی بووکنیچیان.

ئەوەندەم زانی، وڵات شڵەژا و نیگاکان هەموو بۆ سوچی حەسارێ چون، کوڕیژگە واقیان وڕ مابوو و بۆ چرکێکیش چاویان نەدەتروکاند، کچ بە نەقورچان یێکتریان ئاگادار دەکردەوە و قامکیان بۆ سوچێکی ڕا دەداشت.
داوەت گشت ببو، جەعفەری باجە خاتونێ چۆپی دەکێشا، دەسرەی دەبردە سەر سەری و خێرا خێرا دەیهێناوە خوارێ، شانی با دەدا، دەچۆ نێوەڕاستی حەسارێ و پشتاو پشت و دەگەڕاوە سەر چۆپی، شان بە شانی چۆپی، عەزیزی باجە هاجەری سەردەشتێ مەودای کەم دەکرد تا دەگەڵ لاقی سێ پێیی گرمەی چاتر لێ بێنن. دایکم لە جەرگەی داوەتێ دەگەڵ محەممەدە سورەی هەڵیدەخستەوە، بابم دەدەستی زارا جوانێ دابوو و سی و دو ددانی لە شایان دەبژێردرا، ئامۆژنە زێنەب و باجە ڕوقیای شۆخ و شەنگیش هاتبوونە داوەتێ، ئومیدی باجە جەمیلەی دەسرەی گاوانی چۆنی جوانە ئەوای بادەدا و بە خرۆشەوە دەگەڵ چۆپی تێکەڵ دەبۆوە و هەموو تێکڕا بە گرمەی پێی سێ پێیی تۆزیان بڵیند دەکرد.
پێم وابوو ئەو وروژانە دەبی بووک دابەزین بیت بەڵام وا نەبوو.
ئەو وزەی دەداوەتێ گەڕابوو، سنور بە هاتنی خۆی بۆ حەسارێ بڵاوی کردبۆوە. سنور کچە میوانی ماڵە جیرانمان بوو و شاگرد میوان هاتبۆ شاییە.
درێژە...👇👇👇
کچێکی تەمەن ۱۶ ساڵان، باڵابەرزێکی سینگ سەدەفی مەمک فینجان، زەرد و زۆڵێکی چاو شین، شینێکی وەک کەللا شوشە، کەمەندی کەزی لەسەر سمتان وەک ئاوریشمی چین، جینای خاویشی لە سەر ئەبرۆی کەوانی بە جۆللانە، دم قیت و لێو گۆشتن، بە گۆشەی چەپی لێوی سەرێیەوە خاڵێکی قەترانی نەخشێندرابوو، کوڵم ئاڵ و خوێن تێچزاو، نیگا تیژ و گەرم و عەیار.

شاڵواری دوو بەندەداری لی کاڵ لە سەر تیشێرتی سپی لە سەرەوەی ئانیشک و کەوشی بەند بەندی بێ گۆرێ دەبەرکردن، نەک هەر لە خانێ بەڵکو لە زۆربەی مەنتیقەی حوکمی مینی ژۆپی هەبوو.
سنور بە شەڵواری دوبەندەداری لی کاڵ لە سەر تیشێرتی سپی لە سەرەوەی ئانیشک و کەوشی بەند بەندی بێ گۆرێ هاتبوو و لە قولینچکی حەساری مە سەیری داوەتە بێ گڕەکەی تاوێک پێش و گۆڤەندە گشتەکەی دوای هاتنی خۆی دەکرد.
قەننە کێشێک ڕاوەستا، وردە وردە شەرمی شکا، گەردنە قازەکەی هەڵێنا و لاژەلاژی دە تەنافی کەزیەکەی خست و بە لەنجێکی ناسک خەرامی بۆ ئەستاندنی دەسماڵەکەی سەرچۆپی؛ پێشکەشی کرا. ئاڵای سور و زەرد و کەسکی  لە سەر بەرزی باڵای شەکاندەوە و بۆ تاوێکی نیگا و باڵا و ئاڵا لە گەڕی گۆڤەندی حەسارەکەی مە تێکەڵاوی یێکتری بوون.
گرم و هەرای بووکنیچیانیش پەیدا بوو، بووک هاتە زار دەرکێ، گرێی لێچکەی کیژۆڵان زۆری ترازابوو، پزووی دەرپێکانیان تا بەلەکان هەڵماشرابوو، و مەچەکەکانیان هەڵکرابوو. ئاواتی نەنکم هاتبۆ دی، کیژۆڵان بە دەسرە بادان حەساریان خرۆشاند، کوڕە لاوان بە گرمێی پێیان ئەستوندەکیان جوڵاند و دایکیشم مست مست نۆقڵ و گوڵ و شیرینی بە سەریاندا باراند.
  ئێستاش چۆپی کێشی جوان لای من ئەوایە:
کچێکی پرچ ڕوتی بەژن ڕێک، بە ئاڵایەکی سێ ڕەنگی گەشاوە، شەکاوە لە سەر باڵای جا چ بە شەڵواری لی کاڵ چ بە کراسی تۆڕی ئاڵ.

👉@mzravilka👈
وچانێک لە خەزێنەی فۆلکلۆر

لەزمان ژنانەوە...

باڵام بە باڵات بەقەت گەنم و جۆ
خۆت ماندوو مەکە من نادەن بەتۆ

کراسی بەرت گوڵ گوڵ پیوازی
خۆ من نەمردووم تۆ ژن دەخوازی

بن دار و بن دار بن دارە بووزە
مێردت پێناکەم کاکۆڵ بەکڕووزە

کەوا پاتۆڵت ڕەشی مسقاڵی
بێنە بۆت دەشۆم بێ ژن و ماڵی

درێژە لە پۆستەکانی دواییدا...

@mzravilka
#لانەواز


من لە بیاوێڵە فێری کێشانی جگەرە بووم. ئێستە لێم بووە بە تیراوێ(ثیاەذَخم) و ماکی گولی، لە کۆڵم نابێتەوە. باوکم زۆری هەوڵ دا و زۆری لێ دام بۆ ئەمە کە تەرکی بکەم. حەتتا جارێک لەسەر جگەرە عەسایەکی دا بە قۆڵما و باسکم شکا. فائیدەی نەبوو، تەرکم نەکرد. وا ئەبوو لە ترسی باوکم جگەرەم بە ئاگرەوە ئەخستە گیرفانم، گیرفانم ئەسووتا...


کوڕگەل! سا ئێوە لە خۆ وریا بن
بێن ئامۆژگاری له پیر وەرگرن

قەت نەکەن فێری جگەرەکێشان
ببن، خۆ تووش کەن دەرد و سەرئێشان

موبتەلای تووتن خوار و زەلیلە
من کردم، ئێوە نەیکەن دەخیلە!

تا گەنجی بە خۆت نازانی، کاتێ
کە پیر بوویت ئەنجا، دەردت ئەداتێ

بێ، چارەسەری خۆت کە هەوەڵ‌جار
مەیخۆ، نەک وەختێ بتکا دەردەدار!

وای دانێ عومرت ئەزەڵ حەفتایە
بە جگەرەکێشان شەسته و پەنجایە

بێن خۆتان لادەن لەو شتەی کە وا
گەلێک موبتەلا و داماوە لەوا


مامۆستا مەلا محەممەدی #چروستانی

سەرچاوە: دیوانی شاعیر: لاپەڕەی 64



@mzravilka

#لانەواز


ئەمە سێ چوار ڕۆژە بە تۆزە تۆزە نانە ڕەقەی تیریی(لَواش) سولەیمانی ڕائەبوێرم کە فەریدەی کچم لە سولەیمانییەوە بۆی ناردووم. کردوومە بە کوولەکەی ڕۆحم و شاردوومەتەوە. هەر ژەمێ تۆزێکی لێ ئەخۆم، نەوەک مەجبوور ببم بە سەموون و چێشتەکەی موستەشەفا(مُستَشفا/نەخۆشخانە). مانگی ڕەجەبی 1375ـە، ڕەفێقەکانم نان ئەخۆن، وەک پاڵەوان بای ئەدەن؛ ئەیپێچنەوە ئەڵێی گوڵبێنە لە دەمی کەندوو دەئاخنن و منیش ئەم کەلیمانە دەنووسم.


پێشەکی دیوانی
مامۆستا #مەلا_محەمەد_چروستانی[ 1963_1894] ل 74


@mzravilka
ڕازێک لە ژیانی ئەدەبیم!

من؛ وەکوو نووسەرێکی ناوداری ئەم وڵاتە، خاوەنی چەندین ئاسەواری ئەدەبیم. چەندین جار لایەنگرانم ڕێزیان گرتووە لە چالاکی ئەدەبی و کەلتووری "من". بەڵام ئەمڕۆ پێویستە ڕازێکتان لەلا بدرکێنم کە سی ساڵە لە دڵی خۆمدا ڕامگرتووە و خۆمیش نازانم چۆن هەتا ئێستا نەمهێشتووە ژن و منداڵ و دۆستانی نزیکم پێی بزانن.

ڕازەکە ئەوەیە کە سی ساڵ بەرلە ئێستا، بووم بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارەی کە ئەمڕۆ ئێوە خاوەنین. زۆر حەزم دەکرد ببم بە کەسێک وەکوو نووسەرە مەزنەکان کە خەڵک هەمیشە بە حورمەتەوە ناویان دێنن. بەڵام هەر زوو بۆم دەرکەوت کە من پیاوی ئەو ڕێگا نیم. ئەو کارە، خوێندەواری دەوێ، شەونخوونی دەوێ، هەستی جوان و بوێری و ئامانجی بەرزی دەوێ. دەبێ قازانجی خەڵک لە بەرچاو بگریت... بۆیە تەنیا، کارم بوو بە نووسینی هەواڵ سەبارەت بە گەندەڵەدزی و ڕووداوی هاتوچوو و چەن شتی کەم بایەخ.
بە هۆی کار لە گۆڤار لە گەڵ کابرایەک بووین بە ناسیار. ڕۆژێک ئەو کابرا پێشنیارێکی سەیری هێنا ئاراوە! دەیگوت من تەنیا حەزم لە پارەو ماڵی دنیایە. زانیومە ئەتۆش زۆر بێزووی(مەگیرانی) شۆرەت و ناوبانگ دەکەی. من بابەتت بۆ دەنووسم، تۆش لە گۆڤارەکەتان بە ناو و وێنەی خۆتەوە بڵاوی بکەرەوە. لە سەدا هەشتای داهاتی ئەو نووسراوانە بۆ من بێت، ناوبانگ و دانیشتن لە ڕیزی پێشەوەی کونفرانس و کۆبوونەوەکانیش بۆ تۆ.
وتم جا ئەگەر خەڵک بەو کەینوبەینە بزانن دەمانکەن بە پەندی عاڵەم. وتی خەڵک زۆر لەوە شوورەییتریان دی و هیچ نەقەوما. وتم ئەی باری ئەخلاقیەکەی؟ وتی:کام ئەخلاق؟  ئەمڕۆ کەس ناوێرێ بەرهەمی خۆی بداتە دەستی فڵانە مامۆستای ناودار، خێرا بە ناوی خۆیەوە بڵاوی دەکاتەوە. فیسارە مامۆستا بە دەستی قوتابیان و فێرخوازان بابەتی زۆر کۆ دەکاتەوە و دواییش دەیکاتە موڵکی خۆی. بە هیچ شێوازێک نایەڵن کەس سەر دەربێنێ نەوەک لە خۆیان سەرتر بێت و لەوەش ناشیرینتر... دەی خۆ من و تۆ نە بەرهەمی ڕەنجی خەڵک دەدزین، نە بەر بە پێشکەوتنی خاوەن بەهرەکان دەگرین ونە... من تەنیا قەڵەمی خۆمم بە تۆ فرۆشتووە و نرخەکەشی دیارە. ڕاستیەکەت دەوێت، من نامەوێ وەکوو ئەوانە بم کە وتیان هونەرو قەڵەم بۆ فرۆش نابێت. کەچی لە دوایی، بۆ خەرجی ماڵەوە بە ناچاری وڵک و گورچیلەی خۆیان دەفرۆشت.

ئاخری ڕێکەوتین. خودا حەقە، جگە لە من قەت بۆ کەسی دیکەی نەنووسی. کارمان لە برەودا بوو. وای لێهاتبوو دەمگوت فڵانە شت وا بنووسە، خەڵک وایان پێخۆشە. چاوەڕوان بووین، با لە کام لاوە دێت بەو بارەدا شەنمان دەکرد. لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، کوڕان و کچانی ساکار و دڵپاک، شانی منیان ماچ دەکرد و مامۆستا، مامۆستا دەکەوتنە شوێنم کە پشتی وێنەیەکی خۆمیان بۆ واژۆ بکەم. لەو لاش کابرای نووسەر پارە لە سەر پارە، وای لێهاتبوو، شای بە گاوان نەدەگرت. سی ساڵمان بەو شێوە ڕابوارد. تووشی کێشەی وا نەهاتم. چەند جارێک بیستم کە خەڵک دەڵێن ئەم کابرایە هەر پارە کۆ دەکاتەوە و دەیشارێتەوە. بۆیە خۆم کرد بە خێرخواز و بەو شێوە ئەوەشم پینە کرد. لە هەر شوێنێک پێویست بە قسەکردن بوو، لە باتی قسەی بەڵگەمەندو ئاکادمیک، دەمکرد بە بەزمی درووشمدان، هاوڕێ لەگەڵ چەند وەشەی بێگانە کە خۆمیش ماناکەیانم نەدەزانی. دەمگوت ئێمەش وەکوو ئەدەبی ڕووس و فەرانسە پێویستمان بە ڕەوتێکی ئەدەبیە و من هەوڵی بنەڕەتی دەدەم کە گەورەیی زمان و هونەری ڕەسەنی خۆمان بە دنیا بسەلمێنم و... بەڵام دیارە کەسێک کە کەلتوور و هونەر و زمانی خۆی ناکاتە بناغەی کار و لە پێش چاوی سووکە، هیچ قسەشی بۆ دنیا نیە...

بەڵام ئێستا تووشی کێشەیەکی ڕاستەقینە هاتووم. کابرای نووسەر دەڵێ من سێ بووکم لە ماڵە، خەرجمان زۆرە. ئیستەرەم، پارەی زۆرتر. هیچ هەڕەشەو گوڕەشەش ناکات. تەنیا شاخی کردووە و هیچ نانووسێت. بەو مانگرتنەی، ناوبانگی من تووشی مەترسی هاتووە. منیش تەنیا تاریفی خەڵکم بۆ ماوەتەوە، جا ئەگەر با لەم کونەوە بێت ئەوەش نامێنێت.

ئێستا بەڕێزتان کە خاوەنی ئەو گۆڤارەن، ئاگادار بوون کە من چۆن نووسەرێکم. بەڵام ئەوەش بزانن کە ئەو نووسراوانە، ئامیان(هەوێن) و ئامێژەنی گۆڤارەکەتانە. جا قسە هەزارە، یەکی بەکارە. تکایە پارەیێک بە ناوی قەرز و فەرز یان خەڵات و بەرات یان هەرناوێک پێتان خۆشە دابین بفەرموون. هەم ناوەکەی من با نایبا و هەم فرۆشی ئێوەش بەردەوامە.

دینۆ بۆتزاتی_ئیتالیا/(محسن ابراهیم)

خوێنەری بەڕێز؛
قەڵەمی بەرز و هونەری ڕاستەقینە ناوبانگیش دێنێ. نە دەبێت و نە دەکرێت بەری پێبگرین. ئەگەر وابکەین لە ڕاستیدا بەهرەکان دەفەوتێنین. بەڵام ئامانجی ئەدەب و هونەر، بەرزی بیری ئینسانیە، نەک پارە و ناوبانگ.
زۆر پێویستمان بە سیستمەکی پەروەردە هەیە هەم بەر بە فەوتانی بەهرەکان بگرێت و هەم شارەزامان بکات کە ڕێگا نەدەین هەرکە بێت و بە درۆ و دەلەسە یان خۆ ڕووتکردنەوە، یان.. ببێت بە خاوەنی ئەدەب و هونەری وڵاتەکەمان...

عیسا ئەحمەدی١٤٠٣/٠٣/٢١
#حسێن حەمیدی - بۆکان



کابرایێک سواری تاکسی دەبێ شۆفیڕی تاکسی پێی دەڵێ دەچیه کوێ کاکه؟ پیاوەکەش دەڵێ دەچم بۆ ماڵی شێخ! شۆفیڕدەڵێ بەسەرچاوانم، فزوولی نەبێ دەکرێ پێمان بڵێی بۆ چ ئیشوکارێ تەشریڤ دەبەن بۆ ماڵە شێخی؟! کابرا له وڵامدا دەڵێ کاکه چت لێوەشێرم هەموو شەوێ باوکم دێته خەونم هەتا بەردرگای ماڵەکەم دێت، کەچی نازانم بۆ نایەته ژوورێ و دەگەڕێتەوە؟ دەچم بۆ ماڵه شێخ بزانم بۆ وایه، ڕێکارێکم بۆ بدوزێتەوە،لەو کاتەدا موعتادێک له تاکسییەکەدا دەبێ دەڵێ من دەزانم چ بکەی؟ ئەویش دەڵێ چییه؟ دەڵێێ: کاکی خۆم لەبەردەرکی ماڵەکەت تەڵە و داوێکی بۆ بنێوە له ڕێوە پێوە دەبێ .


@mzravilka
#ئەسعەدقانعی‌چۆمەڵوو ( #لانەواز)


کابرایێک لە بەر درگای ماڵی خۆیاندا دانیشتبوو، ئەمنیش چوومە کنی. خێرا دەستی کرد بە دەردەدڵ‌ و گلەیی‌کردن لە کوڕەکەی و گوتی: هەتیوێکی بەرەڵای خوێڕی ناکاسپم هەیە خۆی و خێزانی پێ بەخێو نابێ. هەر ڕێی بکەوێتە ماڵم دەستێکم لێ دەوەشێنێ و شتێکم لێ دەدزێ و دەیڕفێنێ. بەدەستیەوە دەناڵم، کەس ئاگای نێ لە حاڵم، هەی داد هاوار بە ماڵم.
ئەمنیش گوتم قەیدێ ناکا ماڵی بابی خۆیەتی، خۆ بە دیواری خەڵکیدا هەڵنەگەڕاوە! پاشان ئامان و دەخیل ئەم قسانەی لەکن منت کرد بۆ کەسی دی باس نەکەی، سفرەی دڵت باز نەکەی! چون هەم خۆتی پێ سووک دەبی، هەم کوڕەکەشت!
لەپڕ ژنەکەی کە کوڵی لێ گرتبووین لەپشت دەرکێوە دەرپەڕی و ڕوو لە مێردەکەی گوتی: ڕاست دەکا، بەقەد ئەو منداڵەش ئەقڵت نییە، دەک داوەشێی، چۆن داناڕزێی! کابراش گوتی هەرا مەکە هەی واوا لێ‌هاتی!
هەمووی سووچ خەتای تۆیە
بۆیە ڕەنجم بەفیڕۆیە

گەر تۆ دەگژ من ڕانەچی
بۆ ویش نەبی بە کێشکچی

چۆن دەوێرێ بکا دزی
دەبێ فێری فێڵ و گزی!

ڕەبی سینگی بۆ بکوتی
کۆی کەیەوە لەت‌وکوتی

لەبری ئەوەی پشتم بگری
لەکن خەڵکی قولاپەم دەگری...



@mzravilka
#ناڵەشکێنە



حاجی عەبدولکەیمێ لە ناوچەی هەشار هەبوو، خوداوەندی هەژدەعالەمیان لە گشت زیندەماڵێ هەزار هەزار پێی دابوو. کابرایەکی هەژار بە سواری کەرێ ڕووی کردبووە گوندی عەبدولکەریم هەتا بە شوانی یان کاسپکار وەری گرن.
بەڵێ، چووە نزیک گوندەکە هەزار سەرێ مەڕ لە داوێنی چیادا دەلەوەڕی کوتی ئەو وڵساتە هی ناودێیە؟ کوتیان نەوەڵڵا، هی حاجی عەبدولکەریمە. بڕێکی دیش ڕۆیشت، کەرتە بەرخەلێکی دی خۆی لە هەشت سەد سەر دەدا کوتی ئەوە بەرغەلی دێیە؟ کوتیان ناوەڵڵا ئەوە ئی عەبدولکەریمە. بە ئاسۆگێکدا هەڵزنا لە دوور تەپوتۆزێکی دی کوتی ئەوە چییە؟ کوتیان ئەوە گوێرەگەلی عەبدولکەریمە بەرەو ماڵ دێتەوە. گەیشتە ناودێ ڕەوەیەکی گەورە مریشک و قەلەموونی دی کە دوو کوڕێژگە و دوو پیر دەیان هێنایەوە. کوتی ئەوە هی ناودێیە؟ کوتیان نەخێر، ئەوە هی عەبدولکەریمە.
کابرای هەژار، خێرایەکی لە کەرەکەی دابەزی و شەپێکی تێهەڵدا و کوتی بڕۆ دەی ! ئەوەش بۆ عەبدولکەریم.


@mzravilka
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک


خاوەنشکۆ سەردانی دێهاتەکانی دەکرد. لە دێیەکدا تەوەرێکی بینی، لە خاوەنەکەی
پرسی ئەمە چۆن دەسووڕێت؟
جووتیارەکەش وتی:
قوربان خاوەنشکۆ بچۆرە ئەودیوی تەوەرەکە و بیبینە
کە چووە دیوەکەی تر بینی کەرێک دەیسووڕێنێ و
زەنگوڵێکیش لەملی بوو، زەنگی لێ ئەدا!
لە جووتیارەکەی پرسی ئەم زەنگوڵە چییە؟
وتی: قوربان هەرکات دەنگی زەنگوڵەکە نەیەت
ئەزانم کەرەکە وەستاوە، دێمەوەو نەقیزەیەکی پێیادەکەم، کەرەکە دووبارە دەکەوێتەوە کار!
خاوەنشکۆ پێکەنی، وتی:
ئەی ئەگەر کەرەکەت  وەستاو هەر سەری جوڵاند ؟
جووتیارەکەش وتی: قوربان خاوەنشکۆ
بڕوا ناکەم کەریش وەکو بەڕێزتان بیربکاتەوە،
بوەستێ و تەنها سەری بجووڵێنێت !!


@mzravilka
📚لە ئەدەبیاتی خۆمانەوە📚

"دەوەن بە ئاش"
لە پەند و باوی کوردیدا بابەتێک هەیە بە ناوی" دەوەن بە ئاش" کە چیرۆکەکەی بەم چەشنەیە:
( ئەگێڕنەوە: دوو ڕێبوار لە ڕێگا بە یەک ئەگەن.
یەکەمیان لە ئاش ئەهاتەوە و دووهەمیان ئەچوو بۆ ئاش.
هەر دووکیان باراشیان پێ بوو.
دووهەم لە یەکەم ئەپرسێ: " ئاشەکە چۆڵ بوو یا قەرەبالخ؟
یەکەم ئەڵێ: "زۆر قەرەباڵخە، ئەبێ سەرە بگری، ڕەنگە بە سێ ڕۆژیتر سەرەت نەگاتێ".
دووهەم ئەڵێت:" دەسا من لەوێ بوومایە سەرەم نەئەگرت و لە پێش هەمووتانەوە باراشەکەم ئەهاڕی"
یەکەم ئەڵێ: "نەتئەتوانی"
دووهەم ئەڵێت: "ئەمتوانی"
وا ڕێک ئەکەون، دەوەنێک کە لە سەر ڕێگەکەیاندا ئەبێ بکەن بەئاش و بزانن ئەتوانێ نۆرەبڕی بکا و باراشەکەی کە لە پێش ئەوی کەدا لێ بکات.
لە ئەنجامی ئەم مشتومڕەدا باراشەکانیان ئەڕێژن بە سەر دەوەنەکەدا و یەکتریش ئەدەنە بە خەنجەر).
ئەم پەندە زیاتر بۆ دوو کەس یا لایەنێک بەکار دەبەن کە بۆ بابەتێکی بێهوودە خەریکی مشت و مڕێکی بێ سەر ئەنجامن.
لە فەرهەنگی خاڵ: بریتییە لە قسە و گفتوگۆکردنێکی بێهوودەی زۆر لەسەر شتێک.
پیرە مێرد:
1⃣"بێ دەوڵەتی ڕوو ئەکاتە شارێ
بە "دەوەن بە ئاش" باراش ئەهاڕێ".

2⃣بۆیە لە هاوڕێ ئەکەوینە پاش
وا خەنجەر ئەسوین بۆ "دەوەن بە ئاش"

دەوەن: بنکە دار بەڕوو یا مازوو کە بڕدرا بێ و هەڵی دابێتەوە

⬅️سەرچاوەکان:
📚 پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن... نەوشیروان مستەفا ئەمین، ل ٢٣٥، ئاڵمان، بێرلین، ١٩٩٧.

📚پەندەکانی پیرەمێرد:
ئەنترنت
📚 فەرهەنگی خاڵ: ل 208
هەولێر- پەروەردە 2005

داڕشتنەوەی
ئەنوەر وڵەدبەگی
24جۆزەردانی 2724


@mzravilka
2024/06/14 19:56:03
Back to Top
HTML Embed Code: