Telegram Web
#ناسرای خاتووزین


ئەگەر عەلی ئەشڕەف دەروێشییان بە کوردیی کەلهوڕی نووسیبوایەی ئێستا کەلهوڕی لەوانەبوو لە پێش سۆرانیش بووایە.
کا عەلی یەکەم چیرۆکی ژیانی بە کەلهوڕی نووسیوە، بەڵام پاشان پێیان گوتووە ئەگەر بە کەلهوڕی بنووسی خوێنەرت کەم دەبێت. ئەویش بۆ خوێنەری زۆرتر و فرۆشی زیاتری کتێبەکانی ڕووی لە فارسی نووسین کردووە.
کاعەلی پێی وابووە ئەگەر بە کوردیی کەلهوڕی نووسیبوایەی ئێستا کتێبەکانی بە پازدە زمانی دنیا وەرنەدەگێڕدران!
باشە وەرگێڕانی کتێبەکانت بە پازدە زمانی دنیا چ خێرێکی بۆ کورد هەبووە؟ لە کاتێکدا ئەگەر بە کەلهوڕی نووسیبوایەت خێرت بە ملیۆنان کورد دەگەیاند!
نووسەری کورد بی و خەمی ناوبانگت هەبێ، هەتا خەمی گەلەکەت، بۆ ئەوەی باشی کون و کەلێنی دیوای ئاودەستت پێ پڕ بکەنەوە!
هێشتاش زۆرن ئەو کوردە قوڕبەسەرانەی بۆ خوێنەری زۆرتر و ناوبانی خۆیان بە زمانی بێگانە دەنووسن نەک بە زمانی خۆیان!
بەڵکوو تووی ئەو مریشکە هێلکە دۆڕێنانەش ببڕێتەوە!
ژێدەر: کاناڵی تێلگڕامی نووسەر
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک


شوانێک هەست بە نزیک بوونەوەی مەرگی خۆی دەکات. ڕوو لە مەڕەکانی دەکات و دەڵێت:
داواتان لێ دەکەم گەردنم ئازا بکەن. چونکە دەمدۆشین و خورییەکانتانم دەبڕییەوە و دەمفرۆشتن بۆ سەربڕین.
مەڕە گەورەکەیان وتی: گوێ مەدەیە، گەردنت ئازا دەکەین، چونکە ئێمە بۆ ئەو مەبەستە دروستکراوین، ئەوە ئەرکی خۆمان بووە.
ئنجا شوانەکە ڕووی لە وشترەکان کرد و پێی وتن:
گەردنم ئازا بکەن، زۆرم ماندوو کردن و لە بیاباندا باری گرانم لێنان و سواری پشتتان دەبووم. هەر یەکێک لە ئێوە گەورە بووایە یان قەڵەو بووایە، سەرم دەبڕی.
وشترە گەورەکەیان وتی: گوێ مەدەیە ئەوە ئەرکی خۆمان بووە و بۆ ئەو مەبەستە دروست کراوین. بەڵام تەنها بۆ یەک شت گەردنت ئازا ناکەین.
شوانەکە وتی: چییە؟
وشترەکە وتی:  کاتێک کاروان دەکەوتە ڕێ، هەمیشە کەرت ڕەپێش دەخست، کە ئەوەش بۆ ئێمە کێماسی بوو، و لە نرخی ئێمەی کەم دەکردەوە!!
کەواتە:
ئەی خەڵکینە کەر مەکەن بەڕابەری خۆتان، چونکە  مێژوو ناتانبوورێ و ئێوەش بێتاوان دەرناچن!!
ئەوانەی کەر پێشەوایەتییان دەکات، دەستیان لێ بشۆن!!
لە عەرەبییەوە وەرمگێڕا/ کەرەم کاکەوەیس



@mzravilka
شەل نییە؛ تەنیا پای لارە
#عیسا ئەحمەدی - سنە
سەرلەبەیانی، دوکتوری بەرپرسی شێتخانەیان ئاگاردار کردەوە کە چوار پیاو و ژنێک، لەو شێتانەی کە زۆر جێی مەترسین و حەزیان لە کاولکارییە، پێش مەلابانگدان هەڵاتوون و چوونەتە نێوشار. بەو هەواڵە دوکتۆر ڕەمەقەی دا(پەشۆکا). چوونکا باش ئاگاداری بارودۆخی دەروونی ئەو پێنج کەسە بوو. دەیزانی چ شەڕێک بەر دەرکەی پێ گرتووە. بۆیە دەستبەجێ پێوەندی لەگەڵ سەرۆکی باڵای پولیسی شار گرت. گرینگی هەواڵەکەی بۆ گێڕاوە و وتی: ئەو کەسانە بە هۆی کێشەی دەروونییەوە نابێت لەنێو جەماوەردا بە ئازادی بگەڕێن.
جەنابی سەرۆک، دوکتۆری لەوە دڵنیا کردەوە کە بە زووترین کات هەموو هێزەکانی پولیس دەخاتە گڕ بۆ دۆزینەوەی ئەو چەندکەسە. بەڵام ئەو داخوازییەی هەبوو کە: دەبێ ئێمە زانیاریەکی تەواومان سەبارەت بەو پێنج کەسە هەبێت، تا بتوانین لەنێو خەڵکی بیانناسینەوە. بەڵام هەتا بۆتان دەکرێت، بە زمانێکی خۆماڵیانە باسی ئەو پێنج  کەسەمان بۆ بکەن، نەک عیلمی و ئاکادمیک.
دوکتۆر گوتی: دوو کەسیان هەر بە جلی سەیر و سەمەری شێتانەی خۆیانەوە هەلاتوون. سەر و قژیان وەکوو وێنجەی بەر ئاوایی، کە گەماڵیان تێدا گەوزاندبێت وایە.
سێهەمین کەس جلەکانی خۆی بەجێ هێشتووە، بەڵام جلی دیکەشی دەست نەکەوتووە، هەر بە جلی ژێر و نیوە ڕووت چۆوەتە نێوشار. دەڵێی لە هەواری قەرەچی بەجێ ماوە.
بەڵام ئەو دوو کەسی دیکە ناسینەوەیان تۆزێک ئەستەمە. ئەوان هەر سەگوەڕی ئێوارە چوونەتە حەمام و زۆر پاک و خاوێنن. پاشان لە نیوەشەودا چوونەتە هۆدەی پشوودانی دوکتۆران و چەند دەست جلوبەرگی ڕێکوپێک و کراوات و جانتای جوان و عەتر و بۆنی پاریسیان لەگەڵ خۆیان بردووە. ئەگەرچی سەروگوێلاکیان وەکوو  مرۆڤی ساغ دێنە پێش چاو، بەڵام بە شێوازی هەڵسووکەوت و کردەوە، هەر دەلێی جندۆکە دەستی لێیان وەشاندووە. کە دەکەویتە قسەکردن لەگەڵیان، بە پێچەوانەی ڕواڵەتی ڕێکوپێکیان، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەمانە باری نالەباری دەروونیان کەری نێر نایکێشێت.

سەرۆکی فەرماندە بە هەموو هێزەکانی نێوشار ڕایگەیاند کە کارەساتێکی وا ڕووی داوە، دەبێ زۆر وشیارانە ئەو پێنج کەسە بدۆزنەوە. جێی ئاماژەیە کە بەرانبەر بە دۆزینەوەی هەرکام لەو کەسانەش خەڵاتمان ڕەچاو کردووە. لای ئێوارە، فەرماندە چووە بنکەی ناوەندی پولیسی شار.‌ بەڵام شتێکی سەیری چاو پێ کەوت. سەدان کەسیان هێنابوو کە هەرکامە بە شێوازێک لەو چەند کەسە دەچوون کە لە شێتخانە هەڵاتبوون. ئەگەرچی دەیانگوت بە هەڵە ئێمەیان هێناوە.
فەرماندە سەری سووڕ مابوو. بۆیە ناردی بە دوای بەرپرسانی شێتخانە کە بێن و پێنج کەسەکەی خۆیان بناسنەوە و لەگەڵ خۆیان بیانبەنەوە بۆ شێتخانە. کاتێ کە وەفدی دوکتۆران هاتن ئەوانەیان بینی، وتیان: ئەو پێنج کەسە هیچ کامیان لێرە نین، ئەگەرچی ئەمانەش هیچیان لە باش ناچن.
سەرۆکی فەرماندە بەرانبەر بە ژێردەستانی گوتی: کەوابێت کەس پاداشی دەست ناکەوێت و ئەمانەش بەڕەڵایان بکەن با‌ بڕۆن.

عەزیز نەسین/( رضا رهنما)

خوێنەری هێژا؛

کاتێ ڕەخنەیان لە عەزیز نەسین دەگرت کە بۆ ئەوەندە بە ڕووتی باسی دەردەکانی کۆمەڵگا دەکەیت؟ دەیفەرموو: ژیانی ئەو خەڵکە هەژارە کاتێ لەدەرەوە سەیری دەکەیت، کومێدیەکی تەواوە، بەڵام کاتێ تێکەڵ بە ژیانیان دەبیت، یەکسەر تراژدیایەکی پڕ گریانە و منیش کە جگە لە قەڵەم هیچ شک نابەم، دەی چۆن لەو قوڕە توندە تۆز هەستێنم؟
لە کۆمەڵگای ئێمەدا زۆر کەسان هەن، کە‌ بە شێوازی جۆراوجۆر تووشی کێشە دەروونییەکان هاتوون. پێویستیان بە دەرمان هەیە. بەڵام نەتەنیا خۆیان بە نەخۆش نازانن، ڕەنگە خۆیان زۆر بەرزیش ببینن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم کەسانە ڕەنگە خاوەنی ئیش و کار و ژیانی هاوبەش و.... جا مانەوە لەم بارودۆخە دەروونییەدا جێی مەترسییە. هەم بۆ خۆیان، هەم بۆ بنەماڵە و خەڵکانی دیکە....

عیسا ئەحمەدی۱۴۰۳/۰۱/۱۸
#کەرەم کاکەوەیس - کەرکووک


پێشکەشە بە ڕۆحی دایکم و هەموو ئەو دایکانەی کە بۆ مەرگی ڕۆڵەکانیان هەڵقرچان ...

مەیە دەرێ
هۆ دایە گیان
لە ماڵی چۆڵ و خامۆشت مەیە دەرێ
کە ئێستاکە ، لە ئاسمان ڕا
بارانی شووم وا دەبارێ
دەرگای ماتەم لە هیچ کەسێک مەکەرەوە
بێجگە لە مەرگ
هیچ میوانێک ، لەبەر دەرگادا نابینی ..!
بە بارانی بە لێزمەی خوێن
زەوی ئەمڕۆ لە جۆشایە
لێ دڵەکان ، لەژێر جلە خوێناویەکان
لە سینەدا سارد و سڕن
هەتاکو کەی
چاوەڕوانی جووڵەی دەسکی دەرگا دەکەی؟!
کە دڵی ئاسنینی دەرگاش
پڕ لە خەم و دەردە ئەمڕۆ!
ئیدی سەرنج
لە فەرشی چەوڕێژی کۆڵان مەگرە دایە
کە هەر ئێستا لە مینای خۆر
تیشکی خوێن وا دێتە خوارێ
هەتاکو کەی چاوەڕوانی؟
چاو لە سیلەی ماڵێ مەبڕە
تۆ ئیدی سایەی کوڕەکەت
لەبەر دەەرگادا نابینی کچێ دایە ..
مەیە دەرێ
هۆ دایە گیان
لە ماڵی چۆڵ و خامۆشت مەیە دەرێ
بنواڕە لە سەری هاڕاو
تەماشا ئەو پارچە دڵەی
لە ژێر پێدا
کە ترپەی دێ بە بێ ناڵە
کڕییەکی تاڵ
لە دەمارە ساردەکانیا ، ژان دەڕێژێ و
هاوار دەکا
لەدوای مەرگیش هەر ئازادی ....

لە فارسیەوە وەرمگێڕاە
کەرەم کاکەوەیس/ karam kakaways
شاعیر نادری نادرپوور



@mzravilka
#لانەواز


گریانی بەکوڵ بۆ هەدەری خوێنی شەهیدان
فرمێسکی حەزینانەیی بێ‌باوکیی هەتیوان
بەم ڕۆژە ئەڵێن جەژنە؟! نە بیللا، نە بە قورئان


L85

#فەوزی


#ئەحمەد_شێخ‌غەنی( #فەوزی 1958/2/9 _ 1890)
مامی شاعیری بەناوبانگ #شێخ‌نووری_شێخ‌ساڵحە.( 1958/12/2ـ 1896)

📝 ئەم هۆنەرە دەگەڵ #ئەحمەد_فەوزی مامۆستای هێمن_موکریانی‌ ناو و نازناوی یەکێکە بەڵام دوو کەسی جودان.


سەرچاوە: دیوانی شاعیر

@mzravilka
#لانەواز

هۆنەی ژمارە بیست‌وپێنج  L42


وەکوو مەجنوون بە دووی لەیلا، جێگام کێوانە تا مردن
لەگەڵ وەحشی بیـابانا ئەژیم شێتانە تا مردن

گوڵ و گوڵزارە باخی عەشق، بە تۆ چی زاهیدی خوێڕی!
هەموو هەر سەرو و نەسرین و گوڵ و ڕەیحانە تا مردن

بە شانە زوڵفی داهێنا، بە ڕووی ڕۆژا شەوی هێنا
تەمی کێشا بە سەر دڵدا، تەڵی ئەو شانە تا مردن

برۆی لایێ جگەر ئەبڕێ، بە موژگان دڵ ئەکا کون‌کون
ئیتر عاشق ئەبێ چ‌بکا، دەوای گریانە😭 تا مردن

بڕۆ سۆفی بە مردن چی! ڕیات بۆ نان و دوو نانە
ویسالی جان و جانانە، هیوای ڕەندانە تا مردن

بە عیشوە و نازەوە ئەو دڵبەرە گەر بێت و خۆی دەرخا
سەر و پێی عاشقە و ئەڕوا، فیدای جانانە تا مردن

لە دووریی سەروی باڵای یار، وەکوو قومری ئەناڵێنم
ئیتر وێردی زمانە "یا کەریم" ڕەندانە تا مردن

لە سایەی عەشقی تۆوە بوتپەرستیی بۆتە پیشەی من
لەگەڵ پیری موغان ئیتر من و مەیخانە تا مردن

وتم: وا کەوتە پێی عەشقت، دەس و پێمی ڕزان، تا کەی
وتی: شێتی بەرت نادەم ئەوە جێتانە تا مردن!

وەرە #فەوزی لەمەولا ڕووی دڵت دایم لە مەولا بێ
لە بەر قاپی ئەوا سەر دابنێ مەردانە تا مردن.


#ئەحمەد_شێخ‌غەنی( #فەوزی 1958/2/9 _ 1890)
مامی شاعیری بەناوبانگ #شێخ‌نووری_شێخ‌ساڵحە.( 1958/12/2ـ 1896)

📝 ئەم هۆنەرە دەگەڵ #ئەحمەد_فەوزی مامۆستای هێمن_موکریانی‌ ناو و نازناوی یەکێکە بەڵام دوو کەسی جودان.


سەرچاوە: دیوانی شاعیر
نووسینەوە و ناردن: لانەواز


@mzravilka
#نەقڵەکانی ئەودیو سنوور / باڵەکایەتی


مەلا سۆفی، خەڵکی خەلیفان، کوڕێکی زۆر ناشیرین بوو. یەکەم جار کە مەلا سۆفییان بە ئەنوەری سەعیدئاغا ناساند، کاک ئەنوەر گوتی: من 40 ساڵیش دەبێ کاک مەلا سۆفی دەناسم. مەلا سۆفی پێی سەیر بوو گوتی: من خۆم تەمەنم 40 ساڵ نابی!! کاک ئەنوەر گوتی: ئێمە منداڵ بووین دایکمان وەسفی شەیتانی بۆ دەکردین. منیش لە ناو مێشکمدا وێنەی شەیتانم دەکێشاوە. ئەو وێنەی ئەو کات لەناو زەینمدا دەمکێشاوە ڕێک ئەتۆ بووی!!!!!


👉@mzravilka👈
#نەقڵەکانی ئەودیو سنوور/باڵەکایەتی

ئەنوەری سەعیدئاغا وێڕای ئەوەی زۆر مەغدوورە بەڵام لەبەر ڕووحییەتە شۆڕشگێڕییەکەی ناڕەزایەتی دەرنابڕێت. برازایەکی پێی گوتبوو: مام ئەنوەر دوای ئەو هەموو خەباتە کوا چت بۆ کراوە؟ کاک ئەنوەریش، کە پلەی موقەدەمی عەسکەری بوو، گوتی: چۆن هیچم بۆ نەکراوە، زۆرم بۆ کراوە، ئێستا ئەگەر نەجمەکانی خۆمت لێ بار بکەم هێند قوورسن دەبنیدا دەتڕی!!!!!


👉@mzravilka👈
#نەقڵەکانی ئەودیو سنوور/باڵەکایەتی


باسی کابرایەکی درۆزن دەکرا. قسەیەکیان لێ گێڕایەوە کە سوور دیار بوو درۆ بوو. کاک ئەنوەری سەعید ئاغا گوتی ئەو قسەیەی لە چاو قسەکانی دیکەی کە لە لای من کردوونی وەک حەدیسی سەحیح وانە!!!!!


👉@mzravilka👈
برایم بابایی(ئارگەش) ـ ئیندرقاش، مەهاباد

لە مەیدان سەعاتی مهابادێ دیتم خوالێخۆشبوو هونەرمەندی قسەخۆش ڕەسووڵ نادری بەشەکەتی و زۆر هەنگاوی وردانە لە شەقامەکە دەپەڕییەوە و منیش ڕووم تێ کرد و سەرم لە شووشەی ماشێنەکەم دەرهێنا و کوتم: ئای پیری!
کاک ڕەسووڵ ئاوڕی داوە و فەرمووی: پیری و فەقیری، هەرتکم بە کیری!


سەرچاوە:کەناڵی "با قسەی خۆش ون نەبێ"


👉@mzravilka👈
#ئەنوەر ناسری (ئاسۆ) - سنە


مەلای فێڵەباز
وەرگێڕان لە فارسییەوە: ئەنوەر ناسری (ئاسۆ)

مەلای گوندێک ئاشقی ژنی جوانی جووتیارێکی دراوسێی بوو. هەرچی هەوڵی دا نەیتوانی دووبەرەکی بخاتە نێوانیان؛ بۆ ئەوەی پیاوەکە، ژنەکەی تەڵاق بدا. تا ئەوەی ڕۆژێ بووە میوانی کابرای جووتیار. کتوپڕ مەلا سەیری کرد خاوەن‌ماڵەکە ڕووەو قیبلە دانیشتووە و مێز دەکا. مەلا خێرا هەستا و بە توورەییەوە گوتی: هەی سەگی پیس! ئەوە بۆچی بەپێچەوانەی شەرع ڕەفتارت کرد؟ هەر ئێستا ژنەکەت لێ حەرام بوو. تەڵاقی ئەدەی یان فتوای کافربوونت دەرکەم؟!
کابرای بەستەزمانیش کە ئاگای لە هیچێ نەبوو و پێی‌وابوو مەلا ڕاست دەکا، لە حاڵێکدا فرمێسک زاییبووە ناوچاوی، ژنەکەی تەڵاق دا. ئێوارەی هەر ئەو ڕۆژە مەلا ژنەکەی لە خۆی مارە کرد. ماوەیەک تێپەڕی. ڕۆژێک بەهەڵکەوت کابرای جووتیار ڕێی دەکەوێتە ماڵی مەلا. دەبینێ مەلا لە حەوشەدا ڕووەو قیبلە مێز دەکا. ئەمیش دێت لاسایی مەلا بکاتەوە، بۆیە بە تووڕەییەوە دەڵێ: هۆ مەلا! بۆچی بەپێچەوانەی شەرع ڕەفتار دەکەی؟ هەر ئێستا ژنەکەت لێ حەرام بوو.
مەلایش خێرا دەعباکەی بەرەو لایێکی‌تر سووڕاندەوە و گوتی: خەم مەخۆ، پێچەکەی لە دەستی خۆمانە.

یەکشەممە ٢٤ گەلاوێژ ١٣٩٥


@mzravilka
#مام بایز


خەلیلە دزە، دزێکی خوێڕی بوو،
شەوێک پیاوێکی بەزاز  دووکانەکەی دزڕا،

بەیانی مەئموور هاتن بزانن چۆن ئەو دووکانە بڕاوە.

خەلیلە دزە کە زانی ئەو دووکانە دزی لێکراوە،  چوو لەماڵی خۆی دۆڵاغی هەڵکێشا و گوریسی لەقەدی خۆی بەست و هات بۆ خیابان و بەلای مەئموور و دووکاندارە دا دەهات و دەچوو، خۆی خەواڵوو نیشان دەدا،  بۆ ئەوەی بڵێن  وادیارە  خەلیلە دزە ئەم شەو نەخەوتووە و ئەو دووکانەی بڕیوە، 

چەندجار هاتوو چوو،  کابرای بەزاز  دوو ژنی هەبوو، هەرای لە خەلیل کرد و وتی:  هۆی خەلیل!   هەر شەش تەڵاقم کەوتبیت، خۆم ئەو دزیەم کردبێت تۆ نەت کردووە،  دزی ئاوا کاری پیاوی خوێڕی وەک تۆ نییە و  بڕۆ چیتر بە بەرچاوم مەیە و مەڕۆ.
لە کۆڕی زایەڵە وەرگیراوە.


@mzravikla
#محەممەد بێهڕەوان - بۆکان


🌷بەختی تاڵ
ماڵەکەی تەنگ و سڕم وا پڕ لە زوخاو و خەمە
خەم بە ماڵی خۆی دەزانێ بۆیە نیشتوە سێ ژەمە
هێندە زۆرە ژان و ئێشەم ڕۆژ و شەو هاوار دەکەم
مەرهەمێ ناگاتە زامم  هاودەمی سەبرم کەمە
من بە جەوری خۆشەویستی عومری ژینم چوو لە لا
بۆیە  خەم  باڵی شکاندم  دڵ  غەریقی  ماتەمە
دوژمنم هاتوەبە مەستی دۆستەکەش نەیما وەفا
خەم وەکوو کێو دێتە بەرچاو دایمە ئاسمانم تەمە
زوڵفەکەت لاچوو لەسەر ڕووشەمعی کوڵمەت هاتە ڕوو
پەلپەلیسکە ئەو دڵەی من بۆیە سووتاوی شەمە
بەختەکەم تاڵی نەبێ قەت بەرهەمی خۆشی نەبوە
ڕۆنتکی چاوم کە دەتکێ خاوەنی دەرد و سەمە
ڕوینەداوە وا لە دونیا عیشق و خەم تێکەڵ نەبێ
دیدەکەی خوێناو ڕژاوم وەشتەکەی خاوەن یەمە
  تۆ کە "فریا "ویشکە لێوی، ئارەزووی ماچت هەیە
بیبە ژێر گڵ ئەو خەیاڵە وێنەکێشی سەرچەمە
١٤٠٣٫١٫٢٠



@mzravilka
س


مینیبووسێک کە پڕ لە مسافیر بوو لەسەر پێچەڵاوپووچێکدا وەری دەگێڕێ و شوکور بۆ خودا مسافیرەکان هیچیان لێ نایە تەنیا مەلایەک دەکەوێ بەسەر ژنێکی نەرمونۆڵدا.
خەڵکەکە دێنە خوارێ و بانگی مەلا دەکەن و دەڵێن: بابە چ نییە هەستن وەرنە خوارێ.
مەلا دەڵێ: بە نمەکی شێخی بوڕهان ناجووڵێم هەتا پۆلیسی ڕێگا و هاتووچۆ نەیە. دەبێ بزانم سەرپێچیکار من بووم یان ئەو ژنه!!!



@mzravilka
#کاکەڵڵاغا

ژنێ چووە کن پیاوچاکێ و داوای نووشتەی کرد. ژنە دەستی برد سەرقەڵەمانەکەی ڕادەست کا، بایەکی بەهێزی لێ بووەوە.زۆر تریق بۆوە و لە خۆوە پرسیاری سەیر و سەمەرەی دەکرد. نووشتەنووس خۆی دا لە کەڕی و هەرچی ژنەکە دەیکوت کابرا دەیکوت گوێم گرانە بە دەنگی بەرز بێژە. ژنە ئەرخەیان بوو کە کابرا کەڕە و گوێی لێ نەبووە. لە بەرانبەردا ئەو چاکەیەدا،ژنە کابرای ناو نا "مەلاکەڕە"



@mzravilka
😭😭😭😭🖌🖌🖌🖌
کەندوکۆسپ هەنگاوم پێ ناکاشل
بێتە سەرڕێم هەزاران گابەردی زل
بەهێزی شان وباهۆ پێی دەدەم تل
دەڕۆم بەرەو ئاسۆ، بەرەو ئاسۆی ڕوون
دەڕۆم دەڕۆم تا تروپکی ڕزگاربوون
ڕۆڵەی کوردم فێری هەوراز ولێژم
تا زۆر بڕۆم زیاتر ئارەق بڕێژم
کورت تردەبێ ڕێگای دوور ودرێژم
دەڕۆم بەرەو ئاسۆ بەرەو ئاسۆی ڕوون
دەڕۆم دەڕۆم تا تروپکی ڕزگاربوون
ناڕەومەوە لەداوەڵ و تارمایی
زۆرم دیوە بولێڵ و تاریکایی
دێنم بەو شەوگارە ڕەشە دوایی
دەڕۆم بەرەوئاسۆ بەرەوئاسۆی ڕوون
دەڕۆم دەڕۆم تا تروپکی ڕزگاربوون
"مامۆستا هێمن"
لەڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستای بلیمەتمان مامۆستا"هێمن" با لەبۆچوونەکانی وانە فێربین!
ڕووحی بەرزیان شاد و یاد و ناویان هەرمان و هەتایی بێت. 🌷🌷🌷🌷
کەریم ڕەسووڵ پوور (وریا)
                  ۱۴۰۳٫۰۱٫۲۸



@mzravilka
باز و کەو

لە مەڵبەندێکی خۆشی کوردەواری
سەرەوژوور بوونەوە خێڵ بۆ هەواری
لە داخی بەفر و زستان و کڕێوە
چیای ڕازاندبۆوە خاکەلێوە
لەبەر دەشتا کراسی مەخمەری شین
لە ئامێزی هەڵاڵە و یاس و نەسرین
تەماشای چت دەکرد خوار و سەر و ژوور
سەری لێک دابوو شللێر و گوڵی سوور
وڵات خەمڵیبوو بەو چەشنە سەراسەر
بە خاشخاش و گوڵی بەیبوون و شەستپەڕ
لەناو ئەو دیمەنە سەوز و جوانە
کە جێی درکاندنی هەستی دڵانە
لە زەردێکا کەوێکی قۆز و نەخشین
سکاڵای بوو لەگەڵ بازێکی تێبین
سەرەڕای ئەو سرووشتە دڵڕفێنە
وەکوو زامدارێ کەو دەیکرد وڕێنە:
***
دەغیلت بم مەلی پسپۆڕ و چازان
مەلی تەڕدەست و وریا و ژیر و تەڕلان
دە ژیندا بۆچی وا چارەڕەشم من؟
لە خۆشی و کامەرانی بێبەشم من؟
ئەمن ڕوح دادەنێم بۆ خاوەنی خۆم
لەبەر چی ئەو وەفایێکی نییە بۆم؟
وەرە تۆخوا سەیر کە خاڵ و میلم
لەسەر ئەو دیمەنەشڕا وا زەلیلم
هەموو ڕۆژێ دەگەڵ کازیوە ئەنگوت
دەچم بۆ ڕاوی مێڕۆژ و سیاسوت
لە قاسپەی من هەزار باڕ و کەوی پیر
لە داوی خاوەنمدا بوونە نێچیر
سەعاتێک ناسرەوم بێ خواردن و خەو
کە ئەو تێر بێ لە گۆشتی ناسکی کەو
نەبوو جارێک لە سیپەیدا بخوێنم
لە گرمەی تاپڕی دەنگ دانوێنم
لە ماڵێ ساز و سەمتوورە غوڕەی من 
نشەی ڕاوچی دەبزوێنێ گوڕەی من
لەسەر ئەو حاڵەڕا بێ قەدر و حورمەت
قەفەز جێگای منە بێ دان و خزمەت
ئەگەر ڕۆژێکی کەو نەکرێن قەڵاچۆ
ئەبێ لێم داڕنن باڵ و پەڕ و پۆ
***
وڵامی داوە «باز»ی کۆنە ڕاوکەر
کە تاوان هەر لەتۆڕایە سەرانسەر
ئەتۆ خۆت بوویە گورگی مێگەڵی خۆت
ئیتر کێ بێت و دڵسۆزی بکا بۆت
دە خوێندا سوور بووە دندوکی ئاڵت
ئەبێ بیگریە ئەستۆی خۆت وەباڵت
براکەت بانگ ئەکەی بیخەیتە  نێو داو
بەڵام دوا ڕۆژی خۆت ناخەیتە بەرچاو
دەڕێژی خوێنی خزمی خۆت و بۆخۆت
دەدەی دەستی پەشیمانی لە ئەژنۆت
کە بۆ فەوتانی هۆزت تێ دەکۆشی
دە ژیندا چۆن ئەبینی خێر و خۆشی؟
کەسێک بۆخۆی ئەوە شەرت و بەقای بێ
ئەبێ چۆن دوژمنی بۆ ئەو وەفای بێ
دڵت ناسووتێ بۆ جوجکی برای خۆت
ئەتۆش پێویستە بیبینی سەزای خۆت
لەبەر ئەو ڕاوە دەگرێ حورمەتی تۆ
دەنا ئەو نایەوێ خاڵ و خەتی تۆ
هەموو دەشت و چیا پاوانی تۆیە
ئەگەر تێیدا نەژی تاوانی تۆیە
بە سەربەرزی لەناو هێلانە مردن
نە وەک تۆ خزمەتی بێگانە کردن
ژێدەر: کتێبی " کاروانی خەیاڵ" دیوانی شێعری مامۆستا خالید حیسامی "هێدی"


@mzravilka
#مشکڵۆزمە

ئەم کاتەیان لە هەموو کاتێ خۆشتر بێ و غەریقی ڕەحمەت بن.
مجێورێکمان هەبوو منداڵەورتکەی لە مزگەوت دەردەکرد و بە تاکەوش دایدەگرتن و بە دەنگی بەرز دەیکوت:
"دایکی سەحەبتان بگێم"
ئەوە بابی ئەو منداڵانە لە مزگەوت دانیشتوون و گوێیان لەو جنێوەیە.هێندی لە باوکەکان دەچوونە کن کاک م... کە هەم قسەخۆشی دێیەکە بوو، دوورەخزمی مجێوررەکەش بوو سکاڵایان دەکرد.
کاک م.... دەیکوت :کوڕە گوێی مەدەنێ، ڕەنگبێ دڵی بە دایکی ئەو منداڵانەوە بێ.
عالەمەکە پێدەکەنین و مجێورەکەش کە هیچی لە دڵدا نەبوو وێڕای ئەوان پێدەکەنی.



@mzravilka
#لانەواز

هۆنەی ژمارە 26 L44


ئەو دڵبەرە بەو عیشوەیە، بەو چاوە خومارە
ئەپسێنێ دڵ و بەندی جگەر، هەر بە ئیشارە

بەسراوە بە ئەگریجەوە دڵ، ژینی مەحاڵە
بۆ کوشتنی عوششاقە کراوە بە قەنارە

بە نەشئەیەوە دەربکەوێ عیشوەیی ئەبرۆی
کوشتاری لە سەد، سێیەکی نایێتە ژمارە

بۆ کۆیی نیگار کافییە پەروازی مەحەببەت
چیم داوە لە سەییارە، وە چیمە لە تەیارە

فرمێسکی مەحەببەت هەموو زمڕووتە کە ئەڕژێ
بۆ پەنجەیی جانانەیە، شاباشی نیگارە

گەنجینەیی دڵ پڕ لە دوڕ و گەوهەری عیشقە
بێ‌نرخە لەلای حەزرەتی یار، ماڵی هەژارە

بۆ هاتنی جانانەیە ئەم شۆر و نەوایە
#فەوزی! لە ڕەگی دڵ بدە تۆش نۆبەتی تارە

#ئەحمەد_شێخ‌غەنی(فەوزی 1958/2/9 _ 1890)
مامی #شێخ‌نووری_شێخ‌ساڵحە.( 1958/12/2ـ 1896)

سەرچاوە: دیوانی شاعیر

تێبینی: ئەم شێعرەی بۆ ئەوە دەبێ ئاوازی لەسەر دابنرێ و بکرێتە گۆرانیش



@mzravilka
#دوکتور فەرهاد پیباڵ - هەولێر


هه‌رگیز
دوو كه‌سی به‌هێز به‌یه‌ک ناگه‌ن!
دوو كه‌سی تێگه‌یشتوو به‌یه‌ک ناگه‌ن!
دوو كه‌سی جوان به‌یه‌ک ناگه‌ن!
هه‌رگیز دوو مرۆڤی ڕاستگۆ
به‌یه‌ک ناگه‌ن
چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی خودا
مرۆڤه‌كانی درووست كرد:
به‌هه‌ندێكیان ئه‌قڵ و به‌هه‌ندێكیان
جوانی و به‌هه‌ندێكی تریان پاره‌ی دا
تا ناته‌واوییه‌كانی یه‌كتر پڕ بكه‌نه‌وه‌،
به‌ڵام كێشه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی مرۆڤ
ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵی نه‌داوه‌
ناته‌واوییه‌كانی کەسانی تر پڕ بكاته‌وه‌
هه‌وڵی داوه‌ به‌کەسانی تر
ناته‌واوییه‌كانی خۆی پڕ بكاته‌وه‌!...


@mzravilka
2024/04/20 13:37:32
Back to Top
HTML Embed Code:


Fatal error: Uncaught Error: Call to undefined function pop() in /var/www/tgoop/chat.php:243 Stack trace: #0 /var/www/tgoop/route.php(43): include_once() #1 {main} thrown in /var/www/tgoop/chat.php on line 243